The website of the kurdish language                                                                 www.yageyziman.com

 

ئەسکەندەر ڕەحیم، دەرچووی زانکۆی سلێمانی، بەشی عەرەبی

نووژەنکردنەوە: 2014-08-10

 

بەراوردێکی "ناوی کۆمەڵ" لە کوردی و عەرەبیدا

 پێشەکی

لە زمانی کوردیدا "ناو" لە ڕووی ژمارە، ناسین، هەبوون، ناوەڕۆک، پێکهاتن و ڕەگەزەوە دەکرێت دەستنیشان بکرێت.

ناو لە ڕووی ناوەڕۆکەوە دابەش دەکرێتە سەر: ناوی تایبەتی، ناوی گشتی، ناوی کۆمەڵ.

"ناوی کۆمەڵ" بەو ناوانە دەوترێن کە لە ڕوواڵەتدا تاکن، بەڵام لە ناوەڕۆکدا کۆن، بۆ نموونە: پۆل، لەشکر، سوپا، توێژ، هۆز، گەل، نەتەوە، دەستە، گرووپ.

زۆر جار فرمانی پاش ناوەکۆمەڵەکە بە شێوەی تاک دەوترێت، بۆ نموونە:

سوپا شکستی هێنا.

گەل سەرکەوتنی بەدەست هێنا.

 

 ناوی کۆمەڵ لە قورئاندا

لە زمانی عەرەبیشدا بابەتی "اسم الجمع" هەیە، بۆ نموونە لە قورئانی پیرۆزدا ئەم دوو ئایەتە هەیە کە وشەی "کل" واتە "هەموو، یان هەموان"ی تێدایە. دوو ئایەتەکەش:

 1.    (قُلْ كُلٌّ يَعْمَلُ عَلَىٰ شَاكِلَتِهِ) سورة الإسراء: ٨٤، واتە: "هەموو بەپێی شێواز و سروشتی خۆی کار دەکات"

2.     (كُلٌّ فِي فَلَكٍ يَسْبَحُونَ) سورة یس: ٤٠، واتە: "هەموو لە گەردووندا مەلە دەکەن"

گەر سەرنجی وشەی "کل" لە ئایەتی یەکەمدا بدەین، دەبینین کاری ناو ڕستەکە، بە شێوەی تاک "يَعْمَلُ" لەگەڵ "كُلٌّ"دا هاتووە. هەروەها لە ئایەتی دووەمیشدا، کاری ناو ڕستەکە، بە شێوەی کۆ "يَسْبَحُونَ" -کە واو الجماعة "ون" کە جێناوی کۆیە بە کاری "يَسْبَحُ"ەوە لکاوە- لەگەڵ "كُلٌّ"دا هاتووە. لەم بارەیەوە پرسیار لە د. (فاضل صالح السامرائي) کە یەکێکە لە هەرەشارەزاکانی زمانی عەرەبی، دەکرێت و لێی دەپرسن: بۆچی خودای گەورە، لە ئایەتی یەکەمدا، وشەی "كُلٌّ"ی لەگەڵ کارێکی تاکدا "يَعْمَلُ" هێناوە، بەڵام لە ئایەتی دووەمدا، وشەی "كُلٌّ"ی لەگەڵ کارێکی کۆدا "يَسْبَحُونَ" هێناوە و کارەکەی بە تاک"يَسْبَحُ" نەهێناوە؟ ئایا ئەمە دژبەیەک نییە؟ ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت: وشەی "کل" ئەگەر لە دوایەوە "مضاف إلیه: دیارخەر" نەهات، ڕێگە دراوە، لە کارەکەدا ڕەچاوی بێژە"لفظ"ی وشەکە -کە تاکە وشەیە- بکرێت؛ واتە: بە شێوەی تاک کارەکە بهێنرێت. هەروەها ڕێگە دراوە لە کارەکەدا، ڕەچاوی مانا و واتا"معنی"ی وشەکە - کە لە ناوەڕۆکدا مانای کۆمەڵێک دەگەیەنێت- بکرێت؛ واتە: بە شێوەی کۆ، کارەکە بهێنرێت.‌ واتە: لە ئایەتی یەکەمدا خودا دەیتوانی لە بری "یعمل"، بڵێ: "یعملون"، لە ئایەتی دووەمیشدا خودا دەیتوانی لەبری"يَسْبَحُونَ"، بڵێت: "يَسْبَحُ".

بەڵام ئایا جیاوازیی مانا هەیە، کە وا لە ئایەتی یەکەمدا، کارەکە بەشێوەی تاک هەڵبژێردراوە و لە ئایەتی دووەمیشدا بە شێوەی کۆ؟ بۆچی خودا بەو شێوەیە، ئەو دوو وشەیەی دەربڕیون؟ یان بۆچی لە ئایەتی یەکەمدا، لە دەربڕینی کارەکەدا، ڕەچاوی بێژە"لفظ"ی وشەکەی "کل" کردووە و لە ئایەتی دووەمیشدا، لە دەربڕینی کارەکەدا، ڕەچاوی واتا و مانا"معنی"ی وشەکە "کل"ی کردووە؟

ئەو دەڵێت: ئەوەی لە بارەی ئەم جیاوازییەوە گوتراوە، ئەوەیە. کاتێک بە شێوەی کۆ، هەواڵ و گوزارش لە ناوەکۆیەک دەدرێت، واتە: هەموو پێکەوە لە یەک کاتدا، ئەو کارە ئەنجام دەدەن، بۆیە بە شێوەی کۆ، کارەکە دەربڕدراوە، کاتێکیش بە شێوەی تاک، هەواڵ و گوزارش لە ناوەکۆیەکە دەدرێت، واتە: هەر یەک لە ئاستی خۆیدا و لە کاتی جیاوازدا، بێ ئەوەی پێکەوە بن، کارەکە ئەنجام دەدات. واتە: لە ئایەتی دووەمدا، هەموو تەنە ئاسمانییەکان، لە یەک کاتدا، لە گەردووندا مەلە دەکەن، لە ئایەتی یەکەمیشدا، هەموو کەسێک بەپێی خۆی، کار دەکات، لە یەک کات و ساتدا نییە. بۆیە خودای گەورە دەربڕینە قورئانییەکەی لەو دوو ئایەتەدا بەو جۆرە هێناوە. هەڵبەت ئایەتی دیکە لەم بارەوە زۆرن.

 

شێوازێک بۆ زمانی کوردی

 لێرەدا مەبەستی من ئەوەیە، ئێمەش دەتوانین کەڵک لە تۆژینەوەی ئەم شارەزایەی زمانی عەرەبی وەربگرین و لە خزمەت زمانی شیرینی کوردیدا بەکاری بهێنین، واتە: کە دەڵێین: خەڵکی هات. یان خەڵک دەڵێت. واتە: هەریەک بەجیا هات، لە یەک کات و ساتدا و پێکەوە نەهاتوون و نەیانگوتووە، بەڵام ئەگەر بڵێین: خەڵکی هاتن، یان خەڵکی دەڵێن، واتە: خەڵکی تێکڕا و پێکەوە و لە یەک کات و ساتدا هاتوون یان گوتوویانە.. . هەروەها دەتوانین بڵێین ئەم بەکارهێنانە لە کوردیدا، بەشێوازی کۆ، بۆ بەگەورەپیشاندان، یان زێدەڕۆیی و پێوەنان "المبالغة"ـە، یان بۆ ڕەوانبێژی و سەرنجڕاکێشانە. واتە: وا پیشان دەدەم کە خەڵکی گشتیان هاتوون و دەڵێن، لە کاتێکدا هەموو خەڵکی نەهاتوون، بەڵکو لەبەر بەگەورەپیشاندان، یان ڕەوانبێژی، بەو جۆرە دەربڕدراوە.

نموونەیەکی دیکە:

1.    لەشکرەکە پاشەکشێی کرد.

2.     لەشکرەکە پاشەکشێیان کرد.

ڕستەی یەکەم، ئەوەی لێ دەخوێنرێتەوە، کە سەرەتا بەشێک، یان کۆمەڵێک لە لەشکرەکە، کشاونەتەوە، پاشان بەشەکانی دیکەی لەشکرەکە، یەک لە دوای یەک کشاونەتەوە. بۆیە کارەکە بە تاک دەربڕدراوە. واتە: لێرەدا لە یەک کات و ساتدا لەشکرەکە پاشەکشێی نەکردووە، یان دەتوانین بڵێین لێرەدا ڕەچاوی بێژەی وشەکە کراوە، ڕستەی دووەمیش، ئەوەی لێ دەخوێنرێتەوە، کە لەشکرەکە پێکەوە و بە یەک جار و لە یەک کاتدا، پاشەکشێیان کردووە و کشاونەتەوە. بۆیە کارەکە، بە کۆ دەربڕدراوە. واتە: لە یەک کات و ساتدا لەشکرەکە پاشەکشێیان کردووە، یان دەتوانین بڵێین لێرەدا، لە بەکاهێنانی کارەکەدا، ڕەچاوی مانای وشەکە، کە کۆمەڵێک دەگەیەنێت کراوە، نەک ڕەچاوی بێژەی وشەکە.

 

ناوی تاک بۆ کۆمەڵ

جاری وایە لە زمانی کوردیدا ناوێک بە شێوەی تاک دەنووسرێت بەڵام بۆ کۆمەڵ بەکار دەچێت، بۆ نموونە:

کورد ئازایە. لێرەدا ناوی "کورد" بە شێوەی تاک هاتووە، بەڵام مەبەست هەموو کوردێکە.

ئافرەت نیوەی کۆمەڵە. لێرەدا مەبەست یەک ئافرەت نییە بەڵکوو مەبەست هەموو ئافرەتانە.

لەم دۆخەشدا هەر دەکرێت ئەو شێوازەی سەرەوە ڕەچاو بکەین و بە جێگۆڕکێی فرمان لە دۆخی تاک بۆ کۆ مەبەستەکە وردتر بکەینەوە، بۆ نموونە:

1.    کورد دەیەوێت بەشێک بێت لە عێراق.

2.    کورد دەیانەوێت سەربەخۆ بن.

3.    یان کورد چییان دەوێت؟ لە وەڵامدا دەڵێین: سەربەخۆیییان دەوێت.

گەر سەرنجی ڕستەی یەکەم بدەین، دەبینین: کاری " دەیەوێت، بێت" بە شێوەی تاک دەربڕدراون و هەواڵ و گوزارشتیان لە ناوەکۆیەک کە "کورد"ە، داوە. لەم ڕستەیە، ئەوە دەخوێنرێتەوە کە بەشێک لە کورد دەیەوێت بەشێک بێت لە عێراق، نەک هەموو کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان، پێکەوە ئەو ویستەیان هەبێت. هەر لەبەرئەوەیە لێرەدا:

أ. کارەکە " دەیەوێت، بێت" بە تاک هاتووە.

ب. ڕەچاوی بێژەی وشەکە "ناوەکۆ"یەکە کە کوردە کراوە، نەک مانای وشەکە "ناوەکۆ"یەکە.

گەر لە ڕستەی دووەمیش ورد ببینەوە، دەبینین: هەواڵ و گوزارشت لە ناوەکۆی "کورد" بە کارێکی کۆ "دەیانەوێت" کراوە. لەم ڕستەیەدا، ئەوە دەخوێنرێتەوە کە هەموو کورد تێکڕا، بە هەر چوارپارچەی کوردستانەوە، لە یەک کاتدا ویستی سەربەخۆیییان هەیە. هەر لەبەرئەوەیە لێرەدا:

أ. کارەکە "دەیانەوێت" بە کۆ هاتووە.

ب. ڕەچاوی مانای وشەکە "ناوەکۆ"یەکە کە کوردە کراوە، نەک بێژەی وشەکە "ناوەکۆ"یەکە.

نموونەی دیکە زۆرن، پێم وا بێت، بۆ گەیاندنی بیرۆکەکە، هێندە بەس بێت. ئەمەش بەستەری ئەو پارچە ڤیدیۆییە کە د. (فاضل صالح السامرائي)، تێیدا وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە:

https://www.youtube.com/watch?v=2aqpExptw1g

منیش لەم نووسینەدا مانا و مەبەستی قسەکانیم وەرگێڕاوە، نەک دەقاودەق و وشە بە وشەی قسەکانی.

 

دەرەنجام:

لەم بابەتەدا تیشک خراوەتە سەر دوو شێوازی جۆربەجۆری مامەڵەکردن لەگەڵ "ناوی کۆمەڵ" لە قورئانی پیرۆزدا و ئافراندنی دوو واتای جیاواز بە جێگۆڕکێی فرمانی تاک و کۆ پاش ناوی کۆمەڵ. بە هەندێک نموونەی جۆربەجۆر و بەراوردکارییەکی هەمان دۆخ لە زمانی کوردیدا ویستراوە ڕچەیەک بشکێنرێت بۆ زمانی کوردی لەو دۆخەدا بە مەبەستی فرەواتایی و دەوڵەمەندکردنی زمانی کوردی لەو دۆخەدا.

 

ماڵەوە

سەبارەت
جۆربەجۆر
ڕێنووس
ڕێزمان
خاڵبەندی
زاراوەسازی
زمانەوانی
وەرگێڕان
تایپۆلۆجی
زاراوەکان
زمان
وشەنامە
ڤیدیۆ
ناوی کوردی
هۆنراوە