The website of the kurdish language                                                                 www.yageyziman.com

 

ئامادەکردنی: دیاکۆ هاشمی

بڵاوکردنەوە/ نووژەنکردنەوە: 2015-03-05

 

(ک) یان (ك)؟


لە ئەلفبێی (ئارامی/ عەرەبی)دا هەمیشە پیتی (k) بە دوو شێوەی (ک) و (ك) شانبەشانی یەکتر بەکار هێنراون. هەبوونی ئەم دوو شێوەپیتە هیچ باش نییە و باشتر وا بوو هەر یەک شێوەمان هەبوایە.
خەڵک کاتێک پیتەکانیان بە دەست دەنووسییەوە زۆرتر دەستیان بەربڵاوتر بوو، بەڵام ئێستا کە پیتەکان بە کۆمپیوتەر دەنووسرێنەوە و بۆ هەر پیتێک کۆدێکی تایبەت دانراوە، ئێمە ناچار دەبین خۆمان یەکلایی بکەینەوە و لە نێوان دوو بژارەدا یەکێکیان هەڵبژێرین. یان لانی کەم یەکێکیان بەبێ شیفت بنووسین و ئەوی تریشیان بە شیفت بنووسین.
لە کاتی ڕێکخستنی تەختەکلیلی کوردی لەلایەن "کوردئایتیگرووپ"دا ویسترا بەرانبەر بە (k) لە نێوان (ک) و (ك)دا یەکێکیان هەڵبژێردرێت. هەر کامیان کۆدێکی تایبەتیان هەیە: (ک U+06A9) و (ك U+0643).
کوردئایتیگرووپ ناچار بوو یەکێکیان بەرانبەر بە (k) هەڵبژێرێت و بەبێ شیفت بنووسرێت و ئەوی تریشیان بخاتە دیوی ژێرەوە و بە شیفت بنووسرێت.
دوای ڕاوێژکارییەکی درەنگەشەوێکی سەر ئینتەرنێت بەم ئەنجامە گەیشتن:
 هەرچەند (ك) لە زمانی عەرەبیدا باوە و کوردیش زیاترین بەرهەمی کۆنی بەو پیتە نووسیوە، بەڵام هەر (ک) هەڵدەبژێرین، چونکە:
١. لە سەرەتای وشەدا هەمیشە (ک) دەنووسرێت و چوکڵە بەکار ناهێنرێت: کار
٢. لە ناوەڕاستی وشەدا هەمیشە (ک) دەنووسرێت و چوکڵە بەکار ناهێنرێت: پەلکە
٣. تەنیا لە کۆتایی وشەدا (ك) دەنووسرێت، بە چوکڵەوە: چاك
٤. دەشکرێت بە (ک) بنووسرێت، بەبێ چوکڵە: چاک
٥. ئاوەڵەکەشی هەر بە (گ) دەنووسرێت واتە بەبێ چوکڵەکە.
٦. زمانی کوردیش هەمیشە هەوڵی داوە لە پیتەکانیدا خۆی لە پیت و چوکڵەکانی عەرەبی و فارسی دوور بکاتەوە بۆ نموونە ئەمانە بەکار ناهێنرێن:
(آ، ث، ذ، ص، ض، ط، ظ، ّ، ً، ٌ، ٍ، ِ، ُ، َ، ء، أ، إ، ؤ، ة)
ئێستە بۆ بێین (ك) هەڵبژێرین تا (ک) هەبێت؟

لە ڕووی فێرکردنیشەوە هەمیشە باشترە جۆرێک پیت هەبێت، نەک لە شوێنێکدا شێوەیەکی هەبێت و لە شوێنێکی تردا هەمان پیت شێوەیەکی تری هەبێت. بۆ نموونە چاو لەم وشەیە بکەن کە ئەگەر بە "ك" بنووسرێت ئاوا دەردەکەوێت: کــڕکــڕۆك، بەڵام ئەگەر بە "ک" بنووسرێت ئاوا دەردەکەوێت: کــڕکـڕۆک. ئایا باشتر نییە لە هەموو شوێنێکی وشەکەدا یەک جۆر "ک" هەبێت؟


جا بۆیە بڕیار درا کە لە باتیی (k) پیتی (ک) دەر بکەوێت و کۆدی (U+06A9)ی بۆ دانرا، بەوەشەوە ئەوی تریش بەیەکجاری فڕێ نەدرا بەڵکوو لەژێر پیتی (k) دانرا و بە داگرتنی شیفت و (k) پیتی (ك)یش هەر دەردەکەوێت.
بەڵام هیوای ئێمە ئەوەیە کە (ك) قەت بەکار نەهێنرێت، بۆ ئەوەی زمانەکەمان یەکلایی بکەینەوە و لە پشکنینی گووگڵ و بنکەدراوەکان و پرۆگرامە جۆربەجۆرەکانیشدا خۆمان لەو کێشەی دووپیتییە ڕزگار بکەین.

هەر کام لەو کافانە بەکار بهێنین ناچارین ئەو کۆدەی بۆ دیاری بکەین کە تایبەتە بەو کافە:  بۆ "ک" (U+06A9) و بۆ "ك" (U+0643). جا ئەگەر کۆدی "ك" هەڵبژێرین، لە سەرەتا و ناوەڕاستیشدا هەر ئەو کۆدە دەنووسرێت، بەڵام چوکڵەکەی لە سەرەتا و ناوەڕاستدا دەرناکەوێت هەرچەند ئەو کۆدەی هەیە. لە بەرچاوی ئێمە بە "ک" دیارە، بەڵام لەڕاستیدا هەر "ك"ە. جا ئەمە هات و چیمان کرد؟ کۆدێکمان نووسی کە "ك" نیشان بدات، کەچی لە سەرەتا و ناوەڕاستیشدا هەر بە "ک" دەردەکەوێت. جا باشتر نییە هەر واز لەو کۆدە بهێنین؟

دووکۆدی و دوو پیتیش کێشەی گەورەی بۆ ئێمە چێ کردووە.
ئەگەر لە گووگڵدا دوو جار بەدوای وشەی (دیاکۆ)دا بگەڕێین و هەر جارێک جۆرێک لە کافەکان بەکار بهێنین کە بە کۆدی تایبەت بە خۆیان چێ کراون، ئەم دەرەنجامانەمان دەست دەکەوێت:


"ك" (U+0643):

 

"ک" (U+06A9):

 

دەبینین ئەو (دیاكۆ)یەی کە کافەکەی بە (ك) نووسراوە واتە بە "ك" (U+0643) نووسراوە (٨٦٤٠) دەرەنجامی هەبووە.
ئەو (دیاکۆ)یەش کە کافەکەی بە
"ک" (U+06A9) نووسراوە (١٤٩٠٠) دەرەنجامی هەبووە.
ئەمە کێشەیەکی گەورەیە بۆ ئێمەی کورد کە بەو جۆرە کێشەمان بۆ ساز بووە و لە کاتی پشکنین بەدوای وشەیەکدا دوو جۆر دەرەنجاممان دەست دەکەوێت.
هەر بۆیە باشترە خۆمان یەکلایی بکەینەوە و تەنیا یەکێکیان بەکار بهێنین و بەرە بەرە بۆ هەمیشە واز لەوی تریان بهێنین. لەبەر ئەو هۆکارانەی سەرەوە بڕیار دراوە کە (ک) بەکار بهێنرێت. گرووپە ئایتییە کوردییەکان و فەرمانگەی ئایتی و ئەکادیمیای کوردی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بە فەرمی پاڵپشتییان لەو تەختەکلیلە کردووە کە (ک)ی تێدا بەکار هێنراوە. بۆیە باشترە هەموو کەسێکی تریش بەم ڕێچکەیەدا بڕوات و هەر ئەو تەختەکلیلە ستانداردە بەکار بهێنێت.

 ئەگەر هەندێ کەس  لە کۆتایی وشەدا چاویان بە (ك) ڕاهاتووە، باشترە تازە وازی لێ بهێنن و دڵنیاین پاش ماوەیەک چاویان بە (ک)یش ڕادێت.
هەندێ تاکەکەس هاتوون تەختەکلیلێکیان دروست کردووە کە (ك)یان تێدا جێگیر کردووە. ئەوە بەڕاستی هەوڵەکانمان بۆ یەکگرتوویی لە ڕێنووسدا لێک دوور دەکاتەوە، بۆیە دەبێت وریای جۆری تەختەکلیلەکانمان بن و لە بەکارهێنانی ئەو جۆرە تەختەکلیلانە خۆتان بپارێزن.


تەنیا ئەو تەختەکلیلە ستانداردە بەکار بهێنن کە (k) بە (ک) دەنووسێت و لەسەر بنەمای تەختەکلیلی لاتینی  (QWERTY) و تەختەکلیلی عەرەبیش ئامادە کراوە.
تەختەکلیلی ستانداردی کوردی کە بەپێی تەختەکلیلی لاتینی ئامادە کراوە پیتەکانی بەم شێوەیە چنراون:

 

ئەوەش کە لەسەر بنەمای عەرەبی ئامادە کراوە، پیتەکانی ئاوا چنراون:

 

تێبینی: ئەگەر سیستەمی کۆمپیوتەرەکەتان نوێ بێت، ئەوە هەر لەناو سیستەمی کۆمپیوتەرەکەتانەوە دەتوانن ئەو تەختەکلیلی کوردییە چالاک بکەن و پێی بنووسن.
ئەگەریش کۆنتر بێت دەتوانن لێرەوە تەختەکلیلی بۆ دایگرن:
 

http://unicode.ekrg.org/download.html

و لەناو کۆمپیوتەرەکەتاندا دایمەزرێنن و بە کوردی پێی بنووسن.

 

ماڵەوە

سەبارەت
جۆربەجۆر
ڕێنووس
ڕێزمان
خاڵبەندی
زاراوەسازی
زمانەوانی
وەرگێڕان
تایپۆلۆجی
زاراوەکان
زمان
وشەنامە
ڤیدیۆ
ناوی کوردی
هۆنراوە