The website of the kurdish language                                                                 www.yageyziman.com

 


شاسوار هەرشەمی 

                             

   بیردۆزەی لارینگال (laryngalteori)

 

بیردۆزەی لارینگال (laryngalteori)
بیردۆزەی لارینگال، یەکێکە لە بیردۆزە ھەرە تازەکانی زمان. بنچینەی خودی بیرۆکەی بیردۆزەکە دەگەڕێتەوە بۆ پتر لە سەد سال پێش ئێستا. بەڵام تەنیا ماوەیەکی کەم پێش ئێستا و لە ساڵانی هه‌شتا و نه‌وه‌دی سەدەی ڕابردوو بوو، کە تواندرا وەکوو بیردۆزەیەکی کارا و بەھێز بخرێتە گەڕ و سوودی زۆری لێ وەربگیرێت. تەنانەت بەو ماوە کەمەش له‌ ته‌مه‌نی خۆیدا بتوانێت بەرەنجامی دیار و گەورەش بەدەستەوە بدات.
ئەو وێنە کۆن و کلاسیکییەی کە بۆ شوێن و شێوەگۆڕینی بزوێن و ڤاوڵەکان لە زمانی هاوبه‌شی گه‌لانی هیندۆروپی، واتا پرۆتۆھیندۆروپی PIE لەبەرچاو گیرابوو، بۆ دروستکردنی بار و گەردانەکانی وشە، ئەوە بوو کە ڕەگی وشەکان لە نێوان سێ باری (ھیچ – ێ – ۆ – ێێ – ۆۆ) یان (ھیچ – E – Ō – Ē ) دەگۆڕان. ئەمەش بە پێڕەویکردن لە ڕێسایەکی چەسپاو و زۆر جاریش لۆژیکانە دەبوو. لەو سەرچاوەیەشەوە ئاستە جیاوەزەکان بە شێوە و بار و گەردانە ڕێزمانییەکانی وشەوە دەبەسترانەوە، بۆ نموونە: گەر وشەیەک بخرێتە ئاستی (ھیچ) واتا ئاستێکی گه‌ردانبوون که‌ بێ بزوێن و ڤاوڵ بێت، ئەوا لە زمانی پرۆتۆھیندۆروپیدا وشەکە بۆ ئەو بارە ڕێزمانییە بەکار دەھات کە وەک باوە پێی بگوترێت (سیفەت) یان (ئاوەڵناوی ڕابردووی نادیار). ئەم شێوەیەی که‌ لە چەندین وشەی کوردی وەک: ڕوووتاو، سووتاو، کوشتە، ھەڵگرتە، بابردە و زۆری دی وەک ئەمانەش دەبیندرێت.

باری ئاوەڵناوی ڕابردووی نادیار، لە زمانی هاوبه‌ش و که‌ونارای PIE بە پاشگرەکانی (- تۆ/ to - ، - نۆ / no -) پێک ھاتووە. گەر سەیری نموونەکانی سەرەوە بکەین لە زمانی کوردیدا، دەبینین پاشگرەکان بە شێوەی دی نه‌ختێک گۆڕاو دەردەکەون. وەک (– تە) لە کوشتە و ھەڵگرتە، (– دە) لە باربردە، یاخود (– او) لە سووتاو، ڕووتاو، ھەروەھا (- راو) لە فرۆشراو، کوژراو و دڕاو. ئەم بارەی سەرەوە لە زمانی PIE ھەروەک زمانە کۆنە کلاسیکییەکانیشدا لەو کاتانە دروست دەبێت، کە ڕەگی وشە لە باری بێ ڤاوڵی (بێ پیتە بزوێن)دایە. بە زمانێکی ڕوونتر دەڵێین: واتا لە (ئاستی ھیچ)دایە. نموونەیەکی ئەم بارە لە سانسکریتی بریتییە لە وشەی (tā- -bh . بھر– تا -) کە بە کوردی واتاکەی دەبێتە بارکراو یان (ھەڵگرتە). ھەروەھا وشەی (- tā– dh. دھر– تە) بە واتای (ڕاگرتە). دیسان وشەیەکی دی سەرنجڕاکێشی سانسکریتی کە لەو بارەدا بێت، بریتییە لە (- tā -ga . گە – تا-). وشه‌که‌ بە واتای شتێک دێت، لە باری جووڵاو یان ڕۆیشتەدا بێت). وشەی (گەتا) لە چاوگی وشەی دیسان داڕێژراوەی PIEی (gwm-to، گوم - تۆ) ھاتووە. لێرەدا دەنگی (m) وەک دەردەکەوێت وەکوو ڤاوڵ و بزوێنی لێ ھاتووە، دەنگی (م)ی وشە داڕێژراوەکە لە سانسکریتیدا بۆتە (ئه‌ - a). ئەگەر نا، شێوەی بنەڕەتیی وشەکە، وەک له‌ سه‌ره‌وه‌دا دەرمانخستووە، بێ ڤاوڵ و لە ئاستی (ھیچ)دا بووە. جێی خۆیەتی کە بڵێن وشەی کوردی (چووم یان چوون) لە ڕه‌گی ھەمان وشەی هاوبه‌شی PIE (گوم - تۆ)وەوه‌ ماوەتەوە.
ڕەگی ھەموو وشەیەکی دیسان داڕێژراوە، یان وشه‌یه‌کی کلاسیکی له‌ زمانه‌ کۆنه‌کانی هیندۆروپی وه‌رگیراو، بەو شێوە جوانەی نموونەکانی سەرەوە دەرناکەون. ڕەنگە ھەندێک کردار بە نەخش و شێوەیەکی جیاوازی دی دەرکەون، کە تێیاندا ڤاوڵە درێژەکان (ئەو ڤاوڵانەی کە لە زمانە ھاوچەرخەکاندا ده‌گمه‌ن و نائاسایین) لە ڤاوڵە باوە کورتەکان زۆر ئاساییتر و پتر دەردەکەون. ئەو وشانەی کە بەم جۆرە دەردەکەون، ھیچیان لەو جۆرە وشە لاواز و کەمدیارانە نین، تا ھێشتا لای لێکۆڵه‌ره‌وانی ئه‌م بواره‌دا جێگای گومان بن که‌ ڕه‌گێکی هاوبه‌شیان هه‌یه‌. بەڵکوو ڕەگەوشەکان بە وشەی ناوەندی و دڵنیا داڕێژراوە دادەندرێن لە زمانیPIE دا. بۆ نموونە یە کێک لەو وشانەی کە لەم جۆرەن، ڕەگی وشەی یان کرداری ناسراوی (دان)ە، کە بە زمانی دیسان داڕێژراوەی PIE له‌لایه‌ن شاره‌زایانی زانستی به‌راوردکردنی پێوانه‌ییه‌وه‌ بە شێوەی (dō – دۆۆ) داڕێژراوەتەوە. ھەر بە سەرنجێکی خێرا لە ڕەگی ھەمان کرداری کوردیدان کە (دا)یە، خزمایەتیی ڕەگەکە لەگەڵ ڕەگی وشەکە لە زمانی PIE کە وه‌ک ده‌رمانخستووه‌ (دۆۆ-)یە دەردەکەوێت. وشەی (دان) لە زمانی کۆن و کلاسیکی سانسکریتی، بریتییە لە (دەدامی - dadāmi)، دەنگی (ئا)ی دووەم گۆکردنی نەختێک درێژترە. لە گرێکیشدا ھەمان کردار بە شێوەی (دیدۆۆمی - didōmi) ھەیە. لە زمانی ڕووسی بۆتە (دات - dāt) ھەر بە واتای دان. لە لاتینیشدا (دۆۆ، dō) واتای (دەدەم) دەگەیەنێت. لە زمانی میدی – ئەخمێنی (دەدامی - dadāmi) بە واتای (دەدەم) ھاتووە. تا لە زمانی ھاوچەرخی ئوردوش وشەی (دی) واتا (دای، دان). ھەمان وشە لە فارسی بریتییە لە (دادەن). ھەروەک لە زمانی پەھلەویش (داتەن - dātan) بووه‌. وەک بینیمان، وشەکە بوونێکی قووڵ و ناوەندیی ھەیە و نزیکه‌ی لە ھەموو زمانی، بنخێزانەکانی زمانە ھیندۆروپییەکانیشدا هه‌بووه‌ و ماوەتەوە. ئەوەی کە ئێمە دەمانەوێت لەسەر ئەم وشەیە بیڵێین ئەوەیە، کە ڕەگی وشەکە ھەر زوو و لە سەرەتاوە سەیروسەمەرەیی خۆی دەردەخات و لە ڕێسا باو و ناسراوەکانی زمان لادەدات. جارێ لە ھێروە لەسەر (ئاستی ئاسایی)دا چ ڤاوڵێکی کورتی (ێ - e) دەرناکەوێت، (وەک کە باوە و ده‌بێت ھەبێت). بەڵکوو دەنگێکی درێژی (ۆۆ - ō) لە جێگایدا سەر دەردێنێت. ئەو (دەنگە درێژە) بە لەرەیە، یەکەم جار بە زنجیرەی دووەمی دەنگە کلوسیلەکان دادەندرا، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای سه‌یر و سه‌رنجڕاکێشیی‌ گوته‌که‌مان، ده‌ڵێین ئه‌و بۆچوونه‌ وانییه‌.
تێگه‌یشتن و دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیەی له‌ سه‌ره‌وه‌ به‌کورتی خستمه‌ به‌رچاو، کاتی زۆری ویست. لە ڕاستیدا یەکەم ھەنگاوی دۆزینەوەی شوێنپێی ئەو کێشەیە و چارەسەرکردنی زوو ھەڵنرا، بەڵام تێگەیشتنی لەلایەن شارەزایانەوە زۆری خایاند. لێکۆڵەری لاوی زمان، لە سەردەمی خۆی (فێردیناند دێ ساوسور، Ferdinand de Saussure) کە لە بواری نیشانە تەمومژاوییەکان و لە ھەندێک مەیدانی دی زمانەوانی کاری دەکرد، یەکەمین کەس بوو کە پەی بەو نھێنییە گەورەیە برد. ئەو ھەر زوو، ھێشتا کە تەمەنی لە بیستەکاندا بوو، لە ساڵی ١٨٧٩ زایینیدا نھێنییەکانی کێشەی لەم جۆرە نموونەیەی ئێمەی ئاشکرا کرد. دێ ساوسور، ھەر ئەو ساڵە بناغە گشتییەکانی بیردۆزەکەی خۆی لە وتارێکدا بڵاو کردەوە. لە ڕاستیدا وتارەکە لە بارەی شتی دیکەوە بوو، نەک ئەو کێشەیەی کە ئێستا جێمەبەستی ئێمەیە. لەبەر ئەوەی بیردۆزەکەی دێ ساوسور لە پەنای شتی دیکەوە خۆی مەڵاس دابوو، دەیان ساڵ تێپەڕین، تا بیرۆکەکە شوێنپێی خۆی کردەوە و بووە بناغەیەکی پتەو بۆ ئەو بیردۆزە زۆر گرنگەی کە ئەمڕۆ پێی دەگوترێت بیردۆزەی لارینگال (laryngalteori). ئەو بیردۆزەیە گرنگییەکەی ئەمەندە گەورەیە کە دەکرێت لە بارەیەوە بڵێین: بە جارێک زانیارییەکانی پێشووی زانایانی لەسەر زمانە مردوو و زیندووه‌کانی ھیندۆروپی سەروبن کرد و پێشکەوتنی ھەرە گەورەشی لەم بوارەدا بەدی ھێنا.
لەناو ئەو شتانەی کە دێ ساوسور ڕایگەیاندبوون و بۆ ئێمە گرنگیی زۆر زۆری ھەبوو، ئەمەیە کە (دووەمین) زنجیرەی زمان داگرتنەکان یان (ئاستی دووەم) ئەو ئاستەی کە بزوێن یان ڤاوڵە درێژەکانی ھەیە، لە ڕاستیدا شێوە و بارێکە لە ھەمان نەخشەی ئەوانی دی، کە لە زنجیرە ئاساییەکاندا دەیانبینین. یان بە زمانێکی ڕوونتر بڵێم، لە ئاستەکانی دیدا دەیانبینین. جیاوازییەکە وەک ئەو دەڵێت، ئەوە نییە کە ھەندێک لە ڕەگەکان ڤاوڵی درێژتریان ھەیە، بەڵکوو جیاوازییەکە لەوەوە دێت، کە ڤاوڵەکانی ناو ڕەگی ئەو وشانە (شتێکی دی)یان بەدوادا دێت. ئەو شتەی یان ئه‌و دەنگەی کە دێ ساوسور ئاماژەی بۆ دەکات، دەنگی کۆنسونانتێکی یان پیتێکی کپی نادیار و نەناسراوە کە لە باری ھەنووکەیی وشەکەدا نەماوە و کەوتووە. ئەمەی له‌ وشه‌که‌دا دەیبینین، تەنیا شوێنەوارەکانی یان کاریگەرییەکانی ئەو دەنگە بزر و نەماوەیە کە بەسەر وشەکەدا ماوەتەوە. واتا ھەر ئەو دەنگە که‌وتوو و بزر و نەناسراوەیە کە دەبێتە ھۆی درێژکردنەوەی دەنگی ڤاوڵەکە. تەنانەت ھەر ئەم کاریگەرییەشە کە ڕەنگ و شێوە و گۆکردنی ڤاوڵەکەش بە چەندین شێوە و جۆر دەگۆڕێت. کەواتە بەپێی ئەم بۆچوونە بێت، چاوگی یان ڕەگی کرداری (دان) له‌ زمانی هاوبه‌شماندا نابێت (دۆۆ - dō) بێت کە ئێمه‌ لە پێشتر وامان دەرخستبوو، بەڵکوو دەبێت (دێ + ؟) یان (de+ x) بێت. واتا (دێ) لەگەڵ دەنگی (x) کە نیشانەی دەنگە نەناسراوە بزره‌کەیە. ئەمە کاریگەریی ئەو دەنگە نەناسراوەیە (x) کە ڤاوڵی (ێ،e)ی بە شێوەی (ۆۆ،ō) ڕەنگڕێژ کردووە و ئاوا درێژیشی کردۆتەوە. ئەم ڕێسایەی سه‌ره‌وه‌ گشتگیرە و لە سەرەوە بۆ خوارەوە ھەموو سیستەمەکەی ناو زمان دەگرێتەوە. ھەموو ئەو چاوگانەش کە لەو جۆرەن، بەڕێکی ملکەچی ڕێساکە دەبن. بەم جۆرە (ئاستە کورتەکان) درێژ دەبنەوە، (تا بە ھاتنی دەنگی زێدەش که‌ ناوازه‌یه‌، ئەمە دیسان ھەر ڕوو دەدات). (ئاستی ھیچ)یش، لە ڕاستیدا ڤاوڵێکی وەرگرت، (ته‌نانه‌ت تا دەنگە زێدەکەش بە ڤاوڵ دەبێت یان ڤاوڵاوی دەبێت). ئێمە لەو کردارەی کە لە سەرەوە بە نموونە ھێنامانەوە، دەبینین لە شێوە گرێکییەکەدا ڕێک ئەو بارەمان بەرچاو دەکەوێت. بە گرێکی باری (di – dō - mi، دی - دۆۆ - می) بە واتای (دەدەم) لە (ئاستە کورتەکانە)، بەڵام بە ڤاوڵی درێژەوە. کەچی کە کردارەکە دەچێتە باری سیفەتی (ئاوەڵناوی ڕابردووی نادیار) واتا (دایتیان)ی کوردی، واتا کاتێک که‌ لە (ئاستی ھیچ)دا بێت، بە زمانی گرێکی دەبێتە (do- tos، دۆ- تۆس). وەک دەبینین ئاوەڵناوەکە، لە (ئاستی ھیچ)دایە، بەڵام ڤاوڵێکیش ھەیە، کە لە ڕاستیدا بە گوێرەی ڕێساکان، دەبوو ھەبووایە.
تا بیردۆزەکەی دێ ساوسور بووە بیرۆکەیەکی گشتی پەسەندکراو، کاتێکی یەکجار زۆری پێ چوو. یەکێک لە ھۆکارە ھەرە سەرەکییەکانی زیندوبوونەوەی بیردۆزەکە و ھەڵکشانی زۆر خێرای بایەخپێدانی، ئەوە بوو کە کاتێک دەرکەوت، یەکێک و ھەندێک جاریش دوو لەو (شتانەی) یان ئەو دەنگە نادیارانەی کە دێ ساوسور ھێمای بۆ کردبوون، لە ڕاستیدا لانی کەم لە یەکێک لە زمانە لەناوچووەکانی هیندۆروپیدا بە پارێزراوی دۆزراونەتەوە. مەبەستمان لەو زمانە لەناوچووە زمانی کلاسیک و کۆنی ھیتییە. ئێستا تێ دەگەین، کە بۆچی تێگەیشتن لە بیردۆز و بیرۆکەکەی دێ ساوسور ئاوا وەدرەنگ کەوت؟! زمانی ھیتی یان ڕوونتر بڵێم تابلۆ مێخییه‌کانی زمانی هیتی لە سەرەتای سەدەی بیستەم له‌ باکووری کوردستانێ دۆزرایەوە. چەند ساڵێکیشی خایاند تا تواندرا دەقەکانی بخوێندرێنەوە و وەربگێڕدرێن یان لێک بدرێنه‌وه‌. تێگەیشتن لە لایەنە ڕێزمانی و ساختارییەکانی زمانەکە ھێشا کاتی دی پێویست بوو. ماوه‌یه‌کی دیاری دی پێ چوو تا دەرکەوت کە ئەو دەنگە ھیتییەی له‌ نووسراوه‌ مێخییه‌کاندا بە پیتی یان دروستتر ده‌نگی (h - ھ) ھێمای بۆ کراوە و پێشتر لە ڕوانگەی مێژوویی زمانەوە نەدەزاندرا ھیچ ڕوونکردنەوە و ساغکردنەوەیەکی گونجاوی بۆ بکرێت، چییه‌ و چۆن هاتووه‌. ئەو دەنگە زۆربەی جارەکان بەتایبەتی لەو شوێنانەی وشە دێت کە بیردۆزەکەی دێ ساوسور دەڵێ (دەبێ دەنگێکی زێدەی نەناسراو) لەو شوێنە ھەبووبێت. ھیندۆرپیناسی پۆڵۆنی (جێرزی کوریلۆ ڤیچ، Jerzy Kurylowicz) ساڵی ١٩٢٧ زایینی توانی بۆ یەکەمین جار ئەو پەیوەندییە دەربخات کە لە نێوان دەنگی (h - ھ)ی ھیتی و دەنگە کۆنسونانتە نەزاندراوە پێشنیارکراوەکەی دێ ساوسوردا ھەیە. ئێستا بەڵگەی زۆر و سەلمێندراو لەبەردەستن و دەری دەخەن وشە دیسان داڕێژراوەکانی وی، کە لەسەر ئەو بنچینە و بۆچوونە تازەیەی ده‌نگه‌ ونبووه‌که‌ کردوونی، زۆر ڕاست و گونجاون. تەنیا لەدوای ئەو سەلماندنەوە بوو کە دەرکەوت، ئەو دەنگە نەناسراوەی کە سەری لە لێکۆڵەرەوان شێواندبوو، لە ڕاستیدا دەنگێکی گەرووییە. ھەر ئەو شێوە دەنگە لە گەروودەرچووەش بوو وای کرد تا بیردۆزەکە بە (لارینگال - laryngal) ناو ببرێت. ناوەکە لە وشەی گرێکی (larynx - لارینکس)ەوە ھاتووە، بە واتای (گەروو، ئەوک، قوڕگ).

سێ دەنگە بزرەکه‌ی گەروو
دوای توێژینەوەی زۆری شاره‌زایان و مشتومڕێکی زۆری دیش که‌ هێشتا هه‌ر به‌رده‌وامه‌ و نه‌بڕاوه‌ته‌وه‌، ئێستا وا دەرکەوتووە کە لە زمانی(PIE)دا سێ دەنگەگەروو یان لارینگال ھەبووە. (ھەندێک لێکۆڵەر، ئەم ژمارەیە دەکەن بە چوار، ھی واش ھەن کە بیر لە ده‌نگی پێنجەمیش دەکەنەوە. بەڵام تا ئێستاش بە باوەڕی زۆربەی لێکۆڵەرەوان، سه‌لمێندراوه‌ که‌ ھەر سێ دەنگی لارینگال ستانداردە). ئەو سێ دەنگەش وەک لە بواری لێکۆڵینەوەدا باوە، بە شێوەیەکی سادە و ساکار ژمارەیان بۆ داندراوە (h₃, h₂ , h₁ / ھ١. ھ٢. ھ٣). ڕفتاری ئەو دەنگانە ئەوەیە، کە دەنگی پیتێکی بزوێن یان ڤاوڵێکی پێش خۆیان درێژ دەکەنەوە. زۆر جارانیش دوای ئەوەی کە کاریگەریی بەسەر وشەکەوە بەجێ دەھێڵن و دەنگی ڤاوڵەکان درێژ دەکەنەوە، وەک ئه‌وه‌ی که‌ ئەرکی خۆیان بەجێ گەیاندبێت، خۆیان کاریان نامینێت و لە زمان و گۆکردن دەکەون. هه‌روه‌ک به‌ یه‌کجاری لە پەیکەرەی وشەکەش ون دەبن. (ئەو دیاردەیە تا لە زمانە زیندووە ھیندۆروپییەکانیش ھەر وایە و زۆر جاران لارینگالەکان دوای بەجێگەیاندنی ئەرکی زمانەوانی خۆیان دەکەون و نامێنن یان ڕاستتره‌ که‌ بڵێین، که‌وتوون و نه‌ماون). ‌
لەو سێ دەنگە (h - ه)انەی سەرەوەدا ھەردوو دەنگی دووەم و سێیەم تایبەتمەندییەکی دیشیان ھەیە، ئەویش بریتییە لە گۆڕینی دەنگی یان ڤاوڵی کورتی (ێ - e) بۆ جۆرە دەنگێکی دی یان ڤاوڵێکی دی جیاواز. دەتوانین ڕوونتر بڵێین کە (h₂) دەنگی (ێ، e) بۆ دەنگی (ئە - a) دەگۆڕێت. (h₃)یش ھەمان دەنگی (ێ - e) بۆ دەنگی (ۆ - o) دەگۆڕێت. ھەر بەم جۆرە، لە زۆرێک لەو زمانە ھیندۆروپییە ھاوچەرخانەی کە ماون، پەیوەندیی دەنگی کۆنی لە جۆری (eh₂) بە کورت و کرمانجی، بۆ ڤاوڵی یان بزوێنی (ئە - a) دەگۆڕێت. بۆ باشتر تێگەیشتن، پێویستیمان به‌ نموونه‌ی خۆماڵی هه‌یه‌. من بۆ ئه‌مه‌ وشەی کوردی (بەی) بە نموونە دێنمەوە. وشەکە لە زمانی هاوبه‌شماندا واتا له‌ PIE بە شێوەی (beh₂ē) یان (بێھێ) دیسان داڕێژراوەتەوە. دەنگی کپی (h₂، ە٢) کار لەسەر ڤاوڵی (ێ، e)ی پێش خۆی دەکات و بە جۆرێکی دی ڕەنگی دەخاتەوە بەر. واتا (ێ، e) بۆ (ئە - a) دەگۆڕێت. به‌م جۆره‌ وشەکە دەبێتە (bah₂e - بەھێ). دواتر وەکوو گوتمان، زۆر جاران دەنگە کپە کۆنسونانتەکە (پاش ئەوەی که‌ کاری خۆی دەکات)، خۆی لە گۆکردن دەکەوێت و نامێنێت. لێرەشدا، له‌و نموونه‌یه‌ماندا ھەر وایە. واتا دوای که‌وتنی ده‌نگه‌ کپه‌که‌، هه‌ر (بەیێ - bae) دەمێنێتەوە. بەڵام لە کوردیدا چ لەم وشەیە و چ لە زۆر نموونەی دیشدا، زۆر جاران دەنگە کپە کۆنسونانتەکە شوێنەواری ھەر ماوە و ھێشتاش بەکار دێت. بۆ نموونە لە جیاتی (بەی) هێشتا زۆر جار (بەھێ -bahe)مان بەر گوێ دەکەوێت. ئەگەر ئەم جارە لە نموونەیەکی دیدا شوێنی (h₂، ە٢) بگۆڕین، واتا ڤاوڵی (ێ، e) پێش (h₂) بخەین، واتا بە شێوەی (eh₂)، لەم بارەشدا ئەوا دیسان دەنگە کپە کۆنسونانتەکە دەکەوێت، بەڵام ئه‌م جاره‌ ڤاوڵی کورتی (ێ) بۆ ڤاوڵی درێژی (ئا - a) دەگۆڕێت. وەک لە وشەی (بارام)دا کە بە شێوەی کۆنی (beh₂,rām - بێھرام) دادەڕێژرێتەوە. وشەکە دواتر بۆ (bah₂,ram) گۆڕاوە، ھاوکات دەنگە کپەکەی (h₂) دوای کۆتاییهاتنی کاره‌که‌ی لادەچێت و وشەی (bārām - بارام)مان بۆ دەمێنێتەوە. ھەر بە ھەمان شێوەی ئەو دوو نموونە کوردییە دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە ڕەگی دیسان داڕێژراوه‌ی PIEی وشەی (دان-)یش نابێت لە بنەڕەتدا (- dō) بووبێت، بەڵکوو ڕەگەکە (- deh₃) بووە. باری یان گەردانی ڕانەبردووی کرداری (دان) کە لە کوردیدا (دەدەم)ە، لە زمانی PIE وەک کە (بیکێس - Beekes) بە گوێرەی بیردۆزەی لارینگال دیسان دایڕشتۆتەوە، بۆتە (de-deh₃-mi / دێ – دێ ھ ٣ – می). ده‌نگی لارینگالی (h₃) دەنگی ڤاوڵی (ێ،e)ی پێش خۆی بە گوێرەی بیردۆزەکە بۆ (ۆ، o) دەگۆڕێت و به‌م جۆره‌ وشەکە دەبێتە (de - doh₃-mi، دێ، دۆھ ٣ – می)، وه‌ک ده‌رمانخستووه‌، دواتر ده‌نگه‌ لارینگالەکە خۆیشی دەکەوێت و نامێنێت. وەک نزیکەی لە زۆربەی زمانە ھیندۆروپییەکاندا وایە و کەوتووە. ھەر لەبەر ئەم ھۆیەشە، وشەی کوردی (دەدەم) لە زمانی گرێکیدا بۆتە (دیدۆمی، di-dō mi).
کاتێک کە یەکێک لە دەنگەکانی سێ لارینگالەکە لەناو پەیکەرەی وشەیەکدا بەتەنیا دەکەوێتە نێوان دوو دەنگی کپی کۆنسونانتەوە، ئەوا لەو بارەدا بەگشتی لە زمانە ھیندۆروپییەکاندا وایە کە ئەو دەنگە لارینگالە زۆربەی جارەکان بۆ دەنگێکی بزوێن یان ڤاوڵی سەربەخۆ دەگۆڕێت. ئەم بارەدا، لە زمانی کوردیدا دەکرێت لە زۆر وشەدا ببیندرێت. ئێمە وەکوو نموونە لە زمانی کوردیدا سەیری وشەی (کۆن) دەکەین. وشەکە لە بنەڕەتدا لە ڕەگی وشەی پرۆتۆی (keh₃- n، کێھن-)ەوە گۆڕاوە. ئەمەش بە گوێرەی بڕگەی ئەم بیردۆزەی لارینگال دیسانەوە داڕێژراوەتەوە. واتا دەنگی لارینگالی کۆنسونانتی (h₃) دەنگی بزوێن یان ڤوکالی (ێ)ی پێش خۆی بۆ (ۆ، o) گۆڕیوە یان به‌ زمانێکی هێشتا ڕوونتر، ده‌نگه‌ لارینگاله‌که‌ خۆی کەوتووە و شوێنەوارێکی بە شێوەی (ۆ - o) لەپاش بەجێ ماوە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە چۆن وشەکە دەبێتە (کۆن)، لە زمانی کوردیشدا هه‌ر وایە. خۆشبەختانە لە زمانی فارسیدا ھێشتا شوێنەواری چاوگە بنەڕەتییە کۆنەکەی وشەی (کۆن) بە گۆڕانێکی کەمەوە ماوەتەوە کە (کوھنە)یە. ئەمەش خۆی لەخۆیدا ڕاستیی ئەو گۆڕانکارییەمان بۆ دەردەخات کە لە کوردیدا بەسەر وشەکەدا ھاتووە.

ئێستا با لە زمانی گرێکی کلاسیکدا سەیری نموونەیەک بکەین: ئەو وشە گرێکییە بریتییە لە (dotos - دۆتۆس) بە واتای (دراوە، داویەتی، دایتی)، به‌گوێره‌ی باره‌کانی گه‌ردانبوونی. ئێمە پێشتر ئاماژەمان بۆ ئەوە کردووە کە ڕەگی وشەکە لە PIEدا بریتییە لە (deh₃ -. دێ ھ٣). کاتێک کە دێین و ڕەگەکە دەخەینە سەر (ئاستی ھیچ) یان وەک دەشکرێت پێشی بڵێین ئاستی (بێبزوێن، یان ڤاوڵ)، چونکە بەگوێرەی ڕێسا ڕێزمانییەکانی زمانی پرۆتۆھیندۆروپی وەک زووتریش لێی دواوین، باری وشەی (دراوە) دەبێت لە (ئاستی ھیچ)ی بێڤاوڵیدا بێت. کەواتە دەنکی (e، ێ) لە ڕەگەکە بزر دەبێت و دەکەوێت. وشه‌که‌ بە شێوەی (dh₃-، دھ٣-) دیسان دادەڕێژرێتەوە. گەر دیسان سەیری وشە گرێکییەکە بکەینەوە، دەبینین لە ھەمان ڕەگ و پاشگرێک پێک ھاتووە. واتا ڕەگی (dh₃-) و پاشگری ناسراوی گرێکی (- to –s. تۆ- س). کەواتە وشە گرێکییەکە جارێکی دی بە شێوەی (dh₃-tos، دە – تۆس) دادەڕێژرێتەوە. ئا لێرەدا سەیری ئه‌وه‌ دەکەین که‌ لارینگالی (h₃) بەتەنیا کەوتۆتە نێوان دوو دەنگی کپ و کۆنسونانتی (د/d، ت/t). بەگوێرەی ھەمان ڕێسای پێشووی بیردۆزەی لارینگال، دەنگە لارینگالەکەی (h₃) لە په‌یکه‌ره‌ی وشەکە دەکەوێت، بەڵام لە شوێنی خۆی ڤاوڵێک یان دەنگێکی بزوێن بەجێ دەھێڵێت. لێرەدا چونکە لارینگالەکە (h₃)یە ئەوا دەنگی ڤاوڵەکە دەبێت ببێتە (ۆ،o). بەمەش وشەکە دەبێتە (دۆتۆس - dotos). ئەمەش ڕێک ھەر ھەمان وشەیە کە بەو شێوەیە لە زمانی گرێکی پارێزراوە.
ئەو دەنگە ڤاوڵەی کە جێگای لارینگالەکە دەگرێتەوە، لە ھەر زمانێک و بە گوێرەی لارینگالەکە دەگۆڕێت. ھەر لە ڕوانگەی چۆنیەتی ئەم گۆڕانەشەوەیە تێ دەگەین بۆچی لە زمانی لاتینیدا وشەی دراو بە شێوەی (داتوس - datus) گۆ دەکرێت؟ چونکە وشەکە لە زمانی لاتینیدا لارینگالی (h₂)ی تێدابووە، بۆیە دەبینین ڤاوڵەکەی پێشی بۆ (ئا، a) گۆڕاوە. گەر نەختێک بۆ دوواوە بگەڕێیتەوە، دەبینیت کە لە زمانی سانسکریتیدا دەنگی ڤاوڵەکە بۆتە (ی، i) و بەم جۆرە. لارینگالی (h₂) کە لە لاتینی دەبێتە (ئا،a)، لە سانسکریتیدا بۆ (ی، i) دەگۆڕێت. کەواتە گۆڕانی دەنگی بزوێنەکان بە ھۆی لارینگالەوە لە زمانە جیاوازەکاندا یان بنخێزانه‌ زمانه‌کاندا وەک یەک نابن. ئه‌مه‌شه‌ که‌ بۆته‌ سه‌ره‌تای جیاواز ده‌رکه‌وتن و گۆکردنی وشه‌ی ڕه‌گهاوبه‌ش له‌ زمانه‌ هاوچه‌رخه‌کانی هیندۆروپیدا.
ئەو ڕوونکردنەوانەی سەرەوە ئەمەشمان بۆ دەردەخه‌ن کە بۆچی وشەی (پیر) لە لاتینیدا بۆتە (pater - پاتێر)، لە گرێکی (patēr - په‌تێێر)، لە گۆتیش (fadar - فادەر)، کەچی ده‌بینین لە سانسکریتیدا بۆتە (pitr - پیتر)، کە (پیر)ی کوردیش لە ھەمان (پیتر)ەوە گەشەی کردووە و بە گوێرەی ڕێساکانی گۆڕانی دەنگی کوردی، دەنگی (ت)ی ناو وشەی (پیتر) سواوە و کەوتووە و ھەر پیر ماوەتەوە. توێژەرەوان سەرنجی ئەوەیان داوە کە دەنگی (a)ی وشەی (pater) هه‌روه‌ها (fadar) و تاد... لە سانسکریتی بۆ (I، ی) گۆڕاوە و بۆتە پیتر. ئەمە سەرەڕای ئەوەشه‌ کە سانسکریتی لای توێژه‌ره‌وان بەو زمانە دەناسرێتەوە کە هه‌روه‌ک ئاڤێستایی، دەنگە ڤاوڵەکانی دیش هه‌ر بۆ (a) دەگۆڕێت و وشه‌کانی زمانەکە پڕاوپڕە لەو دەنگە جیاوازه‌. ڕەگی بنه‌ڕه‌تی PIE ی وشەی پیر دەبێ بێچەندوچوون (ph₂ter) بێت، چونکە تەنیا لارینگالی (h₂)ە کە لە سانسکریتیدا لە نێوان دوو کۆنسونانت ھەڵدەکەوێ و دەنگی ڤاوڵی (ی، i) لە شوێنی خۆی بەجێ دێڵێت.
ھەر لە ڕێگای بیردۆزەی پڕ بایەخی لارینگالەوە دیاردەیەکی دی ئاڵۆز که‌ هیچ ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کی گونجاوی بۆ نه‌بوو، چارەسەر کرا. ئەو دیاردەیە بۆ یەکەم جار لە زمانی گرێکی تێبینی کرا. بەڵام دیاردەکە لە زمانی کوردی ھێشتا بەرفراوانترە، بۆیە تێگەیشتنی بۆ شاره‌زایانی زمانه‌وانی ئێمە، له‌ڕاده‌به‌ده‌ر سوودی زۆرە. توێژەرەوان زۆر زوو تێبینیی ئەوەیان کردووە کە ھەندێک وشەی گرێکی لە ڕێگا دەردەچن و ملکەچی ڕێساکانی گۆڕانی دەنگ نابن. ئەمەش یەکەمین جار لەوەوه‌ دەرکەوت کە وشەی لەم جۆرەی گرێکی، لە ھەمان وشەی ھاوڕەگی خۆی ناچێت کە لە زمانە دەستەخوشکەکانیدا دەبیندرێن. یەکێ لەو نموونە زەق و دیارانە، وشەی گرێکی ھاوڕەگی وشەی (ددان، دان)ی کوردییە. وەک دەبینین و دەتوانین تێبینی بکەین، وشەکە لە کوردیدا بە دەنگێکی کپ و کۆنسونانت دەستی پێ کردووە. کاتێک کە وشە کوردییەکە لەگەڵ ھاوشێوەکانی دی لە زمانە ھیندۆروپییەکانی دی بەراورد دەکەین، دیسان ھەمان بارمان بۆ دەردەکەوێت. ددان لە زمانی ئاڤێستایی، پێی دەگوترێت (دەنتە – danta)، بە پەھلەوی (دەندان – dandā)، بە سانسکریتی پێی دەگوترێت (دانت - dant)، بە فارسی (دەندان)، بە لاتینی (دێنت - dent)، لە سویدی (تاند - tand) و تاد.. کەچی وشەکە لە گرێکیدا سەرەڕای ئەمەش کە زەق دیارە، لە ھەمان ڕەگەوە ھاتووە، بەڵام دەستپێکەکەی لادانێکی زۆر زەقی لە ڕێسا گشتییەکان لێ دەبیندرێت. وشەی ددان لە گرێکیدا بە دەنگێکی بزوێن یان ڤاوڵێک دەست پێ دەکات و بۆتە (ئۆدۆنت - odont). جاران شارەزایان و لێکۆڵەرەوانی بواری زمانە ھیندۆروپییەکان بە سەرسوڕمانەوە دیاردەکەیان وەرگرتبوو و واشیان دانابوو کە زمانی گرێکی لە ھەبوونی یان دانانی ڤاوڵی (دەستکرد و دروستکراو)ی بەدەر لە ڕێسا گشتییەکان و دانانیان لە سەرەتای وشەی بە کۆنسونانت دەست پێ کردووە و خاوەنی تایبەتمەندیێتیی خۆیەتی و لە زمانە دەستەخوشکەکانی دی ناچێت. ئەم بارە نادیارە ھەروا مایەوە تا بیردۆزەی لارینگال کەوتە بواری بەکارھێنانەوە. ئیدی ئەو مەتەڵەش لە ڕێگای پیادەکردنی بیردۆزەکەوە ھەڵھێندرا و چارەسەر کرا. ئەو ڤاوڵانەی ھەروا لە پێشەوەی وشەی (گریمان بە کۆنسونانت دەستپێکردوو) دێن، لە لایەکەوە تایبەت بە زمانی گرێکی نین و لە لاکەی دیشەوە ھەروا لە خۆیانەوە و بەڕێکەوت نەکەوتوونەتە سەرەتای وشەی لەو جۆرەوه‌. ھەروەک کە جاران واشدەزاندرا بێ ڕێسا و یاسان، ڕاست دەرنەچوو. ئەمانە پاشماوەی دەنگی بزوێن و ڤاوڵی پووکاوەی ڕاستەقینەش نین، وەک پێشتر ھەندێ لە توێژەرەوان وایان دانابوو، چونکە دیاردەی لەو جۆرە و لە ھەندێک زمانی دیشدا ھەیە. ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەو وشانەی جێمەبەستی ئێمەن کە ڤاوڵیان لەپێشدا دێت، لە بنەڕەتدا بە دەنگی لارینگالی دەستیان پێ کردووە و گۆ کراون. وەک یاسای لارینگالیش پێمان دەڵێت کە دەنگە لارینگالەکە دوای تەواوکردنی ئەرکی خۆی، کەوتووە و شوێنی خۆی بۆ بزوێن یان ڤاوڵێک بەجێ ھێشتووە. گەر بە گوێرەی لێکدانەوەکانی ڕێسای ئەم بیردۆزەیه‌ بێت، وشەی (دان) لە گرێکیدا بریتی بووە لە (ھدۆنت - h₃dont)، بەڵام دەنگی لارینگالی (h₃) پێش نەمان و کەوتنی، بۆتە ھۆی ھاتنە کایەی ڤاوڵی (ۆ - o). ھەر بۆیەشە وشەکە بە شێوەی (ۆدۆنت - odont) لە گرێکی ماوەتەوە. خۆشبەختانە لە زمانی کوردی، ھێشتا نموونەی زیندووی وشەی لەو جۆرەمان ھەن. مەبەستمان لە دەربڕینی" زیندوو" ئەمەیە، کە وشەی لەو جۆرەی کوردی بە ھۆی ئەوەی کە لە پتر لە زاراوەیەکی زمانی کوردی بوونیان ھەیە، زاراوەکانیش ئاست و قۆناغی گەشەکردنیان لێک جیایە، بۆیە دەکرێت ھاوکات وشەکە لە دوو قۆناغی گەشەکردنی لێک جیادا ببینین و بەراوردی گۆڕانەکانیان له‌گه‌ڵ یه‌کدا بکەین. یەکێک لەو نموونە دیارانە، ھاوواتای جێناوی (ئێوە)یە، لە زاراوەکانی کوردیدا، لە بادینی، ئێوه‌ پێی دەگوترێت (ھنگۆ)، ھەمان وشە لە ناوچەکانی ھەولێر بۆ (ئەنگۆ) گۆڕاوە. ئەگەر بێین و وشەکە دیسان دابڕێژینەوە، ئەوا بە گوێرەی بیردۆزەی لارینگال یەکەم شێوەی وشەکە (ھنگۆ - h₃ngo) بووە. بەم جۆرە لە سەرەتادا کۆنسونانت یان لارینگالی (h₂) لەپێشەوەی وشەکە بووە، دوای کەوتنی ده‌نگه‌ گه‌رووییه‌که‌، لەدوای خۆی دەنگی ڤاوڵی (ێ - e)ی بەگۆڕاوی بۆ (ئە - a) بەجێ ھێشتووە. واتا وشەکە لە قۆناغی بەر لە کەوتنی لارینگال، بە شێوەی (h₂-ango) دەرکەوتووە. تا بەدوا شێوەی گەیشتووە، کە (ئەنگۆ)یە بەبێ لارینگال. ھەر بە ھەلی دەزانم ئاماژە بۆ ئەوەش بکەم کە وشەی (ئەمن)یش ھاوواتای (من)ە، بە ھەمان قۆناغدا تێ په‌ڕیوه‌. جێگای سەرنجە کە جێناوی (ئەمن)، نەک ھەر لە کوردیدا بەگشتی بەبێ بزوێن و ڤاوڵە، بە شێوەی (من)، بەڵکوو لە ھەموو زمانە دەستەخوشکەکانی کوردیشدا ھەر بێڤاوڵە. لە ئاڤێستایی (مەنە - mana)، لە پەھلەوی (مەن - man)، فارسی (مەن) و سویدی (مین - min) بۆ خاوەندارێتیی کەسیی یەکەمی تاکە، ھەروەک وشەی ئینگلیزی (مای - my) بە ھەمان واتای خاوەندارێتی بەکاردێت. لە زمانی ڕووسی (منێ - mné) و (مۆی - moi) و تاد... کەواتە ڤاوڵی پێشەوەی شێوە جێناوی کوردی (ئەمن)، تەنیا پاشماوەی کاریگەریی لارینگالە و ماوەتەوە. ھەر بە ھەمان پێودانگ، جێناوی (ئێمە) دەبێ شێوەی قۆناغێکی زووتری شێوە جێناوی (مە) بێت، کە ھێشتا لە زاراوەی کرمانجی کوردی (مە) بەکار دێت. لە فارسیشدا (ما)یە. کەواتە لەم وشەیەشدا ڤاوڵی (e - ئێ) پاشماوەی کاریگەریی لارینگالە. لەبەر کەمیی شوێن و زۆر دوورنەکەوتنەوە لە کرۆکی بابەتەکە، نامەوێ بچمە ناو وردەکارییەکانی کاری لارینگالەکان لەسەر ئەو دوو وشەیەی سەرەوە. لەو دوو جێناوەی پێشووشدا ھێشتا سەرنجڕاکێشتر جێناوی (ئەو)ە لە کوردی و لە فارسیشدا (ئو) که‌ لەگەڵ ھاوشێوەی جێناوه‌که‌ لە زمانە دەستەخوشکەکاندا دوور کەوتۆتەوە. ئەم وشەیەش بە ھەمان شێوەی وشەکانی دی، ڤاوڵی لەپێشدا ماوەتەوە. بێ ئەوەی بچمە ناو وردەکارییەکانەوە دەڵێم: وشەی (ئەو) زووتر بە بێکاریگەریی لارینگال و بوونی ڤاوڵ (ھو- hu) بووە. شێوەی ئەو وشەیەش پتر لە ھەمان جێناو دەچێت لە زمانە دەستەخوشکەکانی دی وەک: ئینگلیزی (ھی - he)، سویدی (ھان - han) و ڕووسی (ئۆن - on) و ھیدیش بە ھەمان شێوەی بوونی لارینگالی (h₂) لە وشەی (ھنگۆ– ئەنگۆ)دا، درەنگتر توێژەرەوان ھەر لە ڕێگای بیردۆزه‌ی لارینگالەوە بۆیان دەرکەوت کە دیسان ھەندێک لەو وشە داڕێژراوانەش ڤاوڵی (ە - a)یان تێدایە، لە ڕاستیدا لارینگالی ژمارە (٢) یان (h₂)یان تێدا بووە، لەگه‌ڵ ڤاوڵی (e - ێ). ئەو لارینگالە دەنگی ڤاوڵەکەی بۆ (ئە - a) یان (ئا) گۆڕیوە و خۆیشی وه‌ک چاوه‌ڕوان ده‌کرێت، لە پەیکەرەی وشەکە کەوتووە. یەکێک لە وشە ناوەندی و ناسراوەکانی ئەم بوارە، وشەی (پاس) یان (پاسکردن)ە کە لە زمانی کوردیدا چەندین وشەی تری وەک (پاسەوان) و (پاسداری)ی لێ دروست کراوە. ھەمان وشە لە فارسیشدا دەبیندرێت. دیسان ھەمان وشە لە زمانی لاتینی بۆتە بەدیھێنانی وشەی ئاینی (پاستۆر- pāstōr) کە لە بنەڕەتدا واتای شوان یان پاسەوان دەگەیەنێت. وشەکە لە سانسکریتی بە شێوەی (pā - پا) و (pās - پاس) ماوەتەوە. وەک لە شیکردنەوەی ناوی (سەگ)یشدا ده‌بینین که‌ بە ھۆی کاری (پاسکردنەوە) سەگ لە چەند زمانێکدا ئەو سیفەتەی بۆ بۆتە ناوی کارا. وەک: لە زمانی سێربی (پاس - pas) واتا سەگ، لە کرواتیش ھەر (پاس- pas)ە، لە پۆلۆنی (پیێس - pies)، ھەروەک چیکی و سلۆڤێنی و سلۆڤاکیش ناوی لەو جۆرەیان بۆ سەگ ھەیە. ئەوەی لێرەدا ھاوبەشە لە نێوان ھەموو ئەو زمانانەدا، ھەر ھاوڕەگی و لەیەکچوونی زۆری شێوە و واتای وشەکان نییە کە دڵنیاین ھەمووی ھەر یەک بووە، بەڵکوو شتێکی دی سەرنجڕاکێش لە بواری ڕێزمانی ئەوەیە، کە وشەکە لە ھەموو زمانەکاندا ڤاوڵی درێژی (ئا - a)ی تێدایە، ھەرچەندە ئەو ڤاوڵ یان بزوێنە بەباشی و ڕوونی شوێنی لەناو دەستەی ڤاوڵگۆڕییەکانی زمانی ھاوبەشی پێشومان، واتا PIE نەبۆتەوە یان وا داندراوه‌ که‌ له‌و زمانه‌دا نه‌بووه‌. کێشەی دەرکەوتنی ئەو ڤاوڵە درێژەی (ئا) لەناو په‌یکه‌ره‌ی وشه‌ی (پاس)دا، ھەروا بە نەزاندراوی مایەوە تا دەقەکانی زمانی ھیتی خوێندرانەوە. لە دەقە نووسراوەکانی زمانی ھیتیدا بۆمان دەرکەوت کە کردارەکە بە شێوەی (pahszi - پاھستی) نووسراوە، که‌ کرداره ‌و بە واتای (پاسی کرد، پاراستی) بەکار ھاتووە. ڕەگی وشە ھیتییەکە (پاھس - pahs -)ە. لێرەدا بۆ یەکەم جار زۆر بەڕوونی دەرکەوت کە دەنگی ڤاوڵە درێژەکەی (ئا - a) لەپێش لارینگالەکەوە (h) ھاتووە. ئێستا ڕەگی ھەمان وشە ھیتییەکە بە شێوەی (peh₂ -s، پێ ھ٢ - س) دیسان داڕێژراوەتەوە. کاتێک کە لارینگالی (h₂) لەو ڕەگە دەکەوێت، ئەوا دەنگی ڤاوڵی (ێ - e)ش لەدوای خۆی بۆ (ئا - a) دەگۆڕێت. ھەر لەبەر ئەمەشه‌ که‌ وشەکە بە (پاس - pas) گۆ دەکرێت. ھەروەک لە کوردی، لاتینی، فارسی، سانسکریتی و زمانانی دیش ھەروایە.
من کاتێک که‌ سه‌رقاڵی نووسینی ئه‌م بابه‌ته‌ بووم، بەدوای نموونەی خۆماڵیتردا دەگەڕام، تا بتوانم باشتر خوێنه‌ری ڕانه‌هاتوو له‌سه‌ر بابه‌ته‌که‌ تێ بگه‌یه‌نم. وا ڕێککەوت که‌ ڕۆژێک خەریکی گفتوگۆ و دووان لەگەڵ لاوێکی (ئامەدی)دا بووم. ئەو لاوه‌ تەنیا لە ماوەی چەند خولەکێکدا دوو نموونەی زۆر جوانی لە زاراوە شیرینەکەی (ئامەدی) لە دەم دەرپەڕی و منیش زوو تۆمارم کردن. ئەو لاوە بە ژمارە (چوار - چار)ی دەگوت (چعار). دەنگی لارینگالی (ع) کە لە بنەڕەتدا (ھ، h) بووە و وه‌کوو له‌ ده‌یان وشه‌ی دیشدا ده‌بینین لەژێر کاریگەریی چەند ھەزار ساڵی پێکەوە ژیان لەگەڵ گەلانی زمان ئافرۆ- ئاسیایی یان سامی وەک (ئاشوری، کلدانی بابلی، ئارامی و عارەبی) گۆڕانی بەسەردا ھاتووە. کەواتە گەر وشەکە دیسان دابڕێژینەوە، دەبینین دەبێتە (čeh₂ -r. چێ ھ - ر)، بەڵام لارینگالی (h₂) لەگەڵ کەوتنیدا دەنگی ڤاوڵی (ێ، e)شی بۆ (ئا- a) گۆڕیوە، بۆیە وشەکە دەبێتە (čar - چار) کە لە شێوەکەی دی (چوار) کۆنترە. وشەی دووەم، کە ھەر لە ھەمان کەسم بیست، بریتی بوو لە وشەی (مەعسی). لێرەدا لەپێش لارینگالەکە بزوێنی کورتی (ە - a) بەرچاو دەکەوێت، لام وایە ئەمە دواتر و لەژێر کاریگەریی (ئا - a)ی (ماسی) گەڕاوەتەوە. کەواتە داڕێژراوەی وشەکە له‌ بنه‌ڕه‌تدا (meh₂ –si ، مێ ھ ٢ - سی) بووە و دوای کەوتنی لارینگالەکە و گۆڕانی دەنگی (ێ - e) بۆ (ئا - a)، وشەکە بۆتە (masi - ماسی). ھێشتا وشەی تری لەم جۆرە له‌ زمانی کوردیدا زۆرن، وەک (تەعل، تاڵ). تێبینی دەکەین لەو وشانەی کە لە زمانێکی ترەوە وەرگیراون، ئەگەر دەنگێکی نزیک لە دەنگەکانی گەروو، لە ناوەڕاستی وشەکەدا بێت، ئاخێوەری زمانی کوردی وەک دەنگی به‌ لارینگالیبوو وەری دەگرێت و گۆی دەکات. سەرنج بدەنە وشە وەرگیراوەکانی قورئان = قورعان، ھەروەھا ئەلئان = ئەلعان.
به‌پێچه‌وانه‌ی زمانه‌ هیندۆروپییه‌ هاوچه‌رخه‌کانی ترەوە، لە زمانی ستانداردی کوردیدا پاشماوەی زۆر دەنگی لارینگالی ھێشتا ماون، سەرەڕای ئەوەش کە زمانەکە بەرەو ئەوە دەچێت کە بیانکەوێنێت و لەسەر زار و زمان نەیانھێڵێت. ئەمانەش ھەمووی بە پێڕەویکردن لە ڕێساکانی دەنگگۆڕین، وەک لە وشەکانی: دەھێڵێ = دێڵێ، دەھێنێ = دێنێ، بەە = باش و زۆر زۆری دیش. کەچی لە زۆر وشەشدا ھێشتا لارینگال بەتوندی دەستی لە ئەوکی وشەکە گرتووە و بەری نادات وەک: دەھەژێ، دەھاڕێ، دەھێشێ. لە زاراوەی کرمانجیدا باری ھێشتنەوەی لارینگال لە ڕاستیدا ھێشتا باری ئاسایی وشەیە، جا وشه‌ی ڕه‌سه‌ن و میراتی بن یان وه‌رگیراو، وەک: بەھدینان، دھوکێ، گوننەھە و ... لە فارسیشدا لارینگال شوێنی خۆی باش پاراستووە وەک: بیھرام، بیھداشت، دەھگەدە، دەھان، کەیھان و زۆری دی.
* * *
دەنگە بەربڵاوه‌کانی (ئا، ئە) لە زمانی کوردیدا
لێکۆڵەرەوان بە دووری نازانن کە ھەر لە سەردەمی ھێشتا زیندووی زمانی هاوبه‌شی پرۆتۆھیندۆروپییەوە، PIE واتا لە نێوان ٥٠٠٠ – ٦٠٠٠ ساڵ پێش ئەمڕۆ یان هێشتا له‌وه‌ش پتر، واتا ئه‌و کاته‌ی که‌ هێشتا زمانه‌که‌ ئاخێوه‌ری هه‌بوون و قسه‌ی پێ ده‌کرا، ڤاوڵی (ێ - e) لە ڕەگی وشەی لەم جۆرە بە لارینگالبووانەدا بۆ دەنگی یان ڤاوڵی (ئا - a) گۆڕابێت و گۆ کرابێت. ئەمە بەھەر جۆرێک بووبێت، بەڵام لە ڕوانگەی فۆنێماتیکی و پێکهاته‌ییه‌وە، دەنگەکە {واتا دەنگی (ئا - a)} تەنیا دەنگێکی گۆڕاوی (ێ - e)یە کە لە بنەڕەتدا کەتۆتە پاڵ (h₂)ه‌وه‌.

ئێمە پێش ئێستا لەسەر ناسەقامگیریی دەنگی (ئا) لە زمانە ئێرانییەکان بەگشتی و زمانی کوردی بەتایبەتی نموونەمان پیشان دا. لێکۆڵینەوەکانی زۆر زووش، لەسەر زمانە کلاسیکییەکانی ھیندۆروپی، تێبینیی ئەوەیان کردووە که‌ دەنگی (ئا - a) لە زمانی PIEدا ڤاوڵێکی نائاسایی بووە. دەنگی (ئا) لەو زمانە پتر لە پێشەوەی وشەدا ھاتووە. لە خشتەی ڤاوڵە گۆڕاوەکانیشدا که‌ زووتر زانایانی ئه‌م بواره به‌ پشتبه‌ستن به‌ پاشماوه‌ی زمانه‌ کۆنه‌کان‌ دروستیان کردووه‌، دەنگی (ئا) شوێنێکی سروشتی لەناو ڤاوڵە کۆنەکان وەرنەگرتووە. که‌واته‌ ئەمە دەنگ و ڤاوڵەکانی (ێ/ e. ۆ، o)نە کە لە زمانە کۆنە ھاوبەشەکەدا بناغەی دەنگە ڤاوڵەکانیان پێک ھێناوە. لەم سەردەمەشدا زۆر لە توێژەرەوانی پرۆتۆھیندۆروپی ھاتوونەتە سەر ئەم باوەڕەی کە زۆرێک لە دەنگەکانی (ئە - ئا، á - a) لە پرۆتۆھیندۆروپیدا لە ڕاستیدا دەنگێکی دی بوون و بەو شێوەیە گۆڕاون. بە گومانی ھەرە زۆر، لە دەنگی (ێ - e)وە بۆ دەنگەکانی (ئە - ئا) گۆڕاون. ژمارەی ئەو لێکۆڵەوەرانە ھەرچی دێ و پتر دەبن، کە دێنە سەر ئەو باوەڕە ڕادیکالەی کە ھەردوو دەنگ و ڤاوڵی کورت و درێژی (ە - ئا) وەکوو فۆنیمی سەربەخۆ ھەر لە بنەڕەتدا و لە زمانی زووی ھیندۆروپیدا نەبوون، بەڵکوو لە ھەر کوێیەک ئەو دوو ڤاوڵە دەر بکەون، ئەوا بەرەنجامی کاریگەریی ڕاگواستن و کەوتنی لارینگالەکانن. ھەمان پرسیش ڕووبەڕووی چارەنووسی دوو ڤاوڵە درێژەکانی (یی/ ī، وو/ ū) دەبێتەوە. ھەرچەندە ئەو دوو ڤاوڵە درێژانە لە لێکۆڵینەوە زوو و بەراییەکانی ھیندۆروپیدا ھەمیشە بە ڤاوڵ دادەندران. وەکوو گوتمان ئێستا خەریکە بەباشی دەردەکەوێت کە زۆربەی ئەو دەنگانەی سەرەوە بەرەنجامی کاری (iH) و (uH)ن. (لێرەدا مەبەستمان لەH بە پیتی گەورە ئەمەیە، ئەو دەنگە بزرە و یەکێکە لە سێ جۆرە لارینگالەکان که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌دا لێیان دواوین، بەیەکسانی و بێ دیاریکردنی ئەوەی کە مەبەست کامە جۆرە). چونکە ھەردوو دەنگەکانی (ی/ i، و/ u)، لە زمانی PIE لە ڕاستیدا دەنگی بەڤاوڵبووی کپ یان کۆنسونانتن، یان وردتر بڵێین شێوەی ڤاوڵە نووسراوەکانی دەنگە کۆنسونانتەکانی (یی،y / وو، w/)ن. ھەر لەبەر ئەمەشە کە ھەندێک جار گومان بۆ ئەمەش دەچێت کە ئەو دوو ڤاوڵە درەنگتر لە زماندا دەرکەوتبن. ئێمە پێشتر گوتومانە کە تەنیا (ێ/ e هه‌روه‌ها ۆ/o) و شێوە درێژەکانی ئەو دووانەش بەشێکن لە ڤاوڵ یان دەنگە بزوێنەکانی زمانی پرۆتۆھیندۆروپی. ھەر ئەو چوار شێوەیەشن کە لە وشە پێکھێنان و دروستکردنی بارەکانی وشە و گەردانبوونی کرداردا بە شێوەیەکی بنەڕەتی و کاریگه‌رانه‌ بەشدارن. بە گوێرەی ئەو بەرەنجامە بێت، دەتوانین بڵێین ڤاوڵەکانی (ئە، ئا، یی، وو/وw, ū, Î,a, ā) ھەر وەلاوە دەنێین و بە ڤاوڵی بنەڕەتی داناندرێن. بۆ دەنگەکانی دیش (ی، و/ u , i) دەڵێین بریتین لە دەنگی خزاوی (یی/ y، وو/ w)، بۆیە ئه‌وانه‌ش ڤاوڵی ڕاستەقینە نین، بەڵام وەک ڤاوڵ دەردەکەون. ئەگەر ئەمە مەیسەر بێت، ئەوا ئێمە سیستەمێکی ڤاوڵی جوان و ڕاست و ڕەوانمان بۆ دەمێنێتەوە، کە تەنیا چوار ڤاوڵی تێدایە (ێ، ۆ، ێێ ، ۆۆ) یان به‌ پیته‌ لاتینیه‌کان (o,، e ،ē ، ō). نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت کە بارەکە ھێشتا لای توێژەرەوان ھەمووی بەو لایەدا نەشکاوەتەوە کە ئێمە لێرەدا دەرمان خستووە. ھێشتا زۆر لە لێکۆڵەرەوانی زمانی ھیندۆروپی کۆن ھەن کە پێداگرن لەسەر ئەوەی دەنگی (ە - ئا) لە زمانی هاوبه‌شی PIEدا ھەبووە. (لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی تایبه‌تیم له‌سه‌ر ده‌نگه‌ بزوێنه‌کان له‌ زمانی پرۆتۆ و زمانه‌ هیندۆروپییه‌ کلاسیکییه‌کان ئاماده‌ کردووه‌، به‌ڵام له‌به‌ر درێژیی بابه‌ته‌که‌، به‌ناچاری به‌و شێوه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ کورتم کرده‌وه‌، هه‌رچه‌ندە ده‌زانم تێگه‌یشتنی بۆ خوێنه‌ری ڕانه‌هاتوو له‌سه‌ر بابه‌ته‌که‌ گرانتر بووه‌).

گۆکردنی دەنگە بزرەکان
لەسەر چۆنیەتیی گۆکردنی دەنگی لارینگالەکان لە وشەدا، دیاره‌ مه‌به‌ستم وشه‌ی زمانی هاوبه‌شی سه‌ره‌تاییمانه‌، لێکۆڵەرەوان لە تاریکیدان و نازانن ئەو دەنگانە چۆن لە دەمی داپیره‌ و باپیرانمانه‌وه‌ ھاتوونەتە دەرەوە. تاکە زمانێکی کۆن کە زۆر جار لارینگالی وەکوو کۆنسونانتێکی سەربەخۆ پاراستبێت، ئەوا زمانی ھیتییە. دیارە لەو زمانەشدا ناتواندرێت لە چۆنیەتیی ده‌نگ و گۆکردنی ئەو لارینگالانە دڵنیا بین. واتا نووسینی مێخیی ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ ناتوانێت ببێته‌ ده‌نگی تۆمارکراوی به‌ ئاسان بیستراو. ھەندێک پاشماوەی لارینگال لە زمانی ئەرمەنی دەبیندرێن. ئەو زمانەی کە لارینگالی بە زەقی تێیدا مابێتەوە ھەر کوردییە (کە ھێشتا کەس لای بە لایدا نەکردۆتەوە و زانایانی بواری ھیندۆروپیناس لێی بێئاگان)، لە زمانی فارسیشدا بوونی لارینگالەکان دیارن.
وەک بینیمان، شێوەی سەرەکیی گۆکردنی لارینگال لە زمانی کوردی و فارسیدا دەنگی (ە - h)ە، بەڵام دەنگەکانی (ع) و تا (ح)یش له‌لای ئاخێوه‌رانی زمانی کوردی دەبیندرێن و من لام وایە لە بنەڕەتدا ھەر (h - ھ) بووبن و لەژێر کاریگەریی زمانە ناھیندۆروپییەکانی ناوچەکەدا گۆڕابن.
با پتر بچینە ناو ئەو بابەتەوە، تا بتوانین بە بەرەنجامێکی ڕوونتر بگەین. لە زمانە کۆنەکانی ھیندۆروپیدا وەکوو زووتریش گوتمان، تەنیا زمانە هیندۆروپییه‌ ئەنادۆڵییەکانن کە نیشانه‌ی دەنگێکی دیاریان بۆمان بەجێ ھێشتووە. لارینگالی ژمارە دوو و ژمارە سێ لە زمانە ئەنادۆڵییەکاندا دەردەکەون و لەمەش زیاتر وەکوو وێنه‌ دەنگیش بە نووسینی مێخی له‌سه‌ر تابلۆکاندا دەرخراون. لە وێنە مێخییەکاندا ئەو دەنگانە وا دەرخراون کە ده‌نگی قوڕگین. ھەر ئەمەشە وای کردووە تا زانایان لەسەر ئەوە ڕێک بن کە لارینگالەکان دەنگی قوڕگین، لە بابەتی (خ - ھ) و دەنگی دی نزیک لەمانە. بۆ ئەوەی بتوانین پتر لەسەر ئەمە بدوێین، دەبی هێشتا پتر لەسەر زمانانی دی بزانین.
ئەوەی کە لە ھەمووان گرنگترە بیزانین ئەمەیە، کە (h₂) و (h3) دەنگی ڤاوڵی ھەڵکەوتوو لە نزیک خۆیان، لە (ێ - e)وە بۆ دەنگی ڤاوڵی دی دەگۆڕن. ئەمەش بەم شێوەیە دەبێت:( h₂) دەنگی (ێ) بۆ (ئا - a) دەگۆڕێت. (h3)ش دەنگی (ێ) بۆ (ۆ - o) دەگۆڕێت. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەمە، دەبێ ئێمە وای دابنێین کە لارینگالەکان بە دەنگ گۆ کراون، واتا فۆنەتیکبوون، تا بتوانن کار لەسەر ڤاوڵی تەنیشت خۆیان بکەن و بیانگۆڕن. ئەمە ئەو خاڵەیە کە دەتوانین لێیەوە دەست پێ بکەین. چونکە ئێمە لە زمانانێک دەدوێین کە پتر زمانی زاری بوون تا نووسراو. واتا ئه‌و زمانه‌ی که‌ زۆر پێش داهاتنی نووسین بوون نه‌ماوه‌ و شوێنی خۆی بۆ نه‌وه‌ زمانه‌کانی چۆڵ کردووه‌.

وەک دەبینی و تێبینی ده‌که‌یت، تا ئێستا لەسەر لارینگالی یەکەم (h₁) نزیکەی کڕوکپ و بێدەنگین. تێبینیی ھەرە گرنگ لەسەر (h₁) ئەوەیە، کە ئەو لارینگالە بەپێچەوانەی دووانەکەی دی، دەنگی ڤاوڵی نزیک لە خۆی ناگۆڕێت بەڵکوو تەنیا پێش ئەوەی خۆی لە وشەکە بکەوێت و ون بێت، دەنگی ڤاوڵەکەی نزیک خۆی درێژ دەکاتەوە. با پتر ڕوونبێژ بین و بڵێین، ئەم لارینگالە لە دووانەکەی دی کەمتر و لاوازتریشە. وەک باوە، وا دادەندرێت کە ئەو لارینگالە بە شێوەی کلوسیلێکی گلۆتی گۆ کرابێت. نزیکەی وەک ئەو دەنگە بە ئاستەم بیستراوە لە ڤاوڵ چووەی تەنیا ئەو کاتانە ھەستی پێ دەکەین کە وشەی یان دەنگێکی وەک (ئو - ئو) به‌خێرایی و بەسەر یەکەوە دەردەخەین. لێرەدا مەبەستمان لەو دەنگە بچووک و کورتخایەنەیە کە دەکەوێتە نێوان ھەردوو (و)ەکانەوە. یاخود کاتێک کە دەڵێین (بێ – ئێش) مەبەستمان ئەو دەنگەیە کە دەکەوێتە نێوان ھەردوو (ێ)ی کۆتایی (بێ) و سەرەتای (ئێش). تەنانەت جۆرە (h - هێ)یێکی کورتیش بۆ نموونەی دەنگەکە گونجاوە. ھەندێک لە لێکۆڵەرەوان لایان وایە ئەو دەنگانەی سەرەوە لە (1h)دا ھەبوون.
ھەرچی پەیوەندی بە لارینگالی ژمارە دووەوە ھەیە، ئەوا ڤاوڵی نزیکی خۆی بۆ (ئا - a) دەگۆڕێـت. h₂ بە شێوەیەکی فۆنەتیکی بە دەنگێکی دواوەی لە شێوەی (خ) دادەندرێت، چونکە ڤاوڵی (ئا - a)ی لێ دروست دەبێت. ئەم ڤاوڵەش ھی دواوەی دەمە. بەم جۆرە دەبێ h₂ دەنگێک بێت، کە بە نووکی دواوەی مەڵاشوو گۆ کرابێت. ئەم دەنگەش لە نووسینی فۆنەتیکدا شێوەی(x)ی بۆ دادەندرێت. بیرۆکەیەکی دی ئاسایی بۆ ئەم دەنگە ئەوەیە، کە دەنگێکی قوڕگییە (faryngal) و لە قوڕگ دەردەچێت، یان لەم جۆرە دەنگە دەچێت، کە لە زمانە ئافرۆئاسیاییه‌کان یان سامییەکاندا باوە وەک دەنگی (ع)ی عارەبی. بە شێوەیەکی دی، ئەم دەنگە لە مڕاندن و باعەباع و قرخەقرخی گەروو پاکردنەوەش دەکات. لە زمانی کوردیدا جگە لە وشەی ڕه‌سه‌نی کوردی زۆر وشەی لە عارەبی وەرگیراویش ئەو دەنگەی خراوەتە سەر کە لە خودی وشە بنەڕەتییەکەدا گرەیەکی وەک (ء)ی ھەبووە، وەک ئەلعان، قورعان، یان لە سەرەتای وشەی وەرگیراو داندراوە، وەک وشەی له‌ گرێکی وه‌رگیراوی ئەنتیک، کە بۆتە عەنتیکە، یاخود وشەی کۆنی ھەرد، که‌ بۆتە عارد و ھەروەک ئالمۆدەی فەرەنسی بۆتە (عەلمۆدە).
لارینگالی سێیەم (h₃)، ڤاوڵی نزیک خۆی بۆ (ۆ - o) دەگۆڕێت کە ڤاوڵێکە بە خڕکرنەوەی ھەردوو لێو گۆ دەکرێت. ئێمە ئەوە دەزانین کە ئەو دەنگە لە زمانە هیندۆروپییه‌ ئەنادۆلییەکاندا ھەندێک جار بە (ھ، - h) پارێزراوە، کە ئەمەش ھەر جۆرە دەنگێکی قوڕگییە. بە گومانی زۆر (h₃) دەنگێکی کپ نەبووە، بەڵکوو دەنگدار و بە لەرەله‌ر بووە. ئەمە لە چەندین نموونەدا دەردەکەوێت. لەوانە لە ڕەگی دیسان داڕێژراوه‌ی زمانی PIE بۆ وشەی خواردنەوە (peh₃(i) ، پێ ھ٣"ی")، کە ھەمان وشە لە زمانی سانسکریتیدا و لە باری ڕانەبردوودا بۆتە (pi-bati، پی – باتی) بە واتای دەخواتەوە. بە بوونی (- pā، پا-) دەردەکەوێت کە وشەی پیباتی، جۆرێکە لە کرداری ڕانەبردوو، ئەوەش لەو جۆرە کردارانەن کە پێیان دەگوترێت (خۆدووپاتکەرەوە). لەم جۆرە کردارانەی خۆدووپاتکەرەوەدا لە باری ڕانەبردوودا وەک باوە یەکەم کۆنسونانتی ڕەگی وشەکە دووپات دەبێتەوە. ئەمەش تەنیا بۆ دروستکردنی باری ڕانەبردوو بەکاردێت و لە کوردیدا کرداری لەم جۆرەمان زۆرن وەک: (بیبەستە، بیبینە، دەیدەمێ، دەدەڵێنێ و ھیدی)، یان لە زمانی لاتینی (bibo - بیبۆ). بەم جۆرە گەر وشەی خواردنەوە، بە زمانی PIE دیسان دابڕێژینەوە، ئەوا دەبێتە (pi- ph₃ - eti ، پی – پ ھ ٣ - ێتی). لێرەدا پەیوەندیی نێوان ph₃ پێویستی بە دەنگی لەراوە و دەنگداری (b - ب) ھەبووە، ئەمەش ڕێک ئەوە دەگەیەنێت کە h₃ خۆیشی دەنگدار بووە، چونکە توانیویەتی کاریگەری بخاتە سەر کۆنسونانتێکی نزیکی خۆی کە (پ - P) بووە. ھەر لەبەر ئەوەیە گومانمان وایە کە h₃ دەنگەکەی جۆرێک بووە لە (عو) کە بە لێوی خڕکراو گۆ دەکرێت، یاخود (غو) وەک لە وشەی (غونچە) دەبیسترێت. ھەردوو دەنگەکە، واتا (عو، غو) دەنگی قوڕگین و دەشێن ببن بە ڤاوڵ، هه‌روه‌ک دەنگداریشن. ھەردووکیشیان بە خڕکردنەوەی لێو گۆ دەکرێن. جێگۆرکێکردن بە دەنگی لارینگالەکان کارێکی گونجاو و ئاسایی بووە. وەک جێگۆڕکێکردنی دەنگەکان لە نێوان (خ، ھ، ش) کە تا ئێستاش ھەر باوە. وەک لە نموونەی کوردی بوھتان و بوختان یان بەە و باش و بەھتەر و باشتر. جێگۆڕکێکردنی ئەم دەنگانە لە زاراوەی ھەورامیی کوردیدا زۆر دیار و بەرفراوانترە. هه‌روه‌ک له‌ زمانه‌ له‌ کوردی نزیکه‌کانی مازنده‌رانی، گیله‌کی، تاتی، ئۆسیتی و هیدیش دیارن.
* * *
ئێستا ده‌مه‌وێت سه‌رنجی خوێنه‌ران بۆ به‌شێکی به‌رچاوی ئه‌م بابه‌تانه‌ ڕابکێشم، که‌ من له‌ باره‌ی ڕه‌گوڕیشه‌ی ئێتیمۆلۆژی وشه‌ کوردییه‌کاندا نووسیومن و بردوومنه‌ته‌وه‌ سه‌ر زمانی هاوبه‌شی پرۆتۆهیندۆروپی، PIE. ئه‌گه‌ر چاوێک به‌و بابه‌تانه‌دا بخشێنیته‌وه‌، بۆت ده‌رده‌که‌وێت که‌ وشه‌ هاوبه‌شه‌کان به‌ تێکهه‌ڵکێشکردنی پیتی لاتینی و ژماره‌یه‌ک (1، 2 یان 3) پتر له‌ هاوکێشه‌یه‌کی هاوسه‌نگکراوی کیمیایی ده‌چێت، تا بابه‌تی زمانه‌وانی. ئه‌مه‌ له‌و گوتاره‌ چوار به‌شیه‌شم ده‌رده‌که‌وێت که‌ به‌ ناونیشانی (په‌ز و ئه‌سپ و پاشا) بڵاوم کردۆته‌وه‌. هه‌روه‌ک له‌ بابه‌تی (گه‌شتێکی زمانه‌وانی بۆ نیشتیمانی پێش مێژوومان، سه‌ردانێک بۆ لای داپیره‌ و باپیره‌ کۆنه‌کانمان) و بابه‌تی دیشدا، زۆر جاران ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌که‌م که‌ وشه‌که، دوای که‌وتنی لارینگاله‌کان به‌م شێوه‌یه‌ ماوه‌ته‌وه‌.‌ ئێستا دوای خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر سێ به‌شی ئه‌م گوتاره‌، بۆت ده‌رده‌که‌وێت که هه‌موو ئه‌م ئاماژانه‌ بریتین له‌ دیاریکردنی شوێن و جۆری ده‌نگه‌ قوڕگییه‌کان و شوێنه‌واری له‌پاش به‌جێماوییان.

بایەخ و گرنگیی ئەم دۆزینەوەیە
دۆزینەوەی لارینگالەکان بە یەکێک لە گەورەترین داھێنانەکان دادەندرێت لە بواری لێکۆڵینەوە لە زمانەکانی ھیندۆروپی بەگشتی و زمانی هاوبه‌شی PIE بەتایبەتی. لە ھەموو تەمەنی داھاتنی ئەم بوارە زانستییەدا، دۆزینەوە و داھێنانی وا کاریگەر نموونەی نەبووە. لارینگالەکان گۆڕانێکی بنەڕەتییان بەسەر زمانی کەونارای ھیندۆروپی داھێنا. بیردۆزەکە زۆر لەو کێشە چارەسەرنەکراوانەشی یەکلایی کردەوە، کە زۆر له‌مێژ بوو توێژەرەوان بە دەستیانەوە دامابوون. بیردۆزەی لارینگال دەریخست، کە چۆن زانستی بەراوردکردنی پێوانەیی زمان دەتوانێت ھەنگاوی گەورە لەو بوارەدا باوێژێت، بەبێ بوونی ئەزموونێکی پێشووتری بەڵگەداریش له‌ بواری دیسان داڕشتنه‌وه‌ی زمانێک که‌ هه‌زاران ساڵه‌ ئاخێوه‌ری نه‌ماوه‌ و هیچ به‌ڵگه‌ نووسراوێکیشی له‌پاش به‌جێ نه‌ماوه‌. لە ڕاستیدا دیسان داڕشتنەوەی زمانی نەماوی PIE زۆر پێش دۆزینەوەی ده‌نگه‌ لارینگالەکان و بەبێ ئەو یارمەتییە گەورەیەش توانیبووی ھەنگاوی گەورە باوێژێت و پێشکەوتنی دیاریش بەدەست بێنێت.
بیردۆزەکەی ساوسور لە زۆر لایەنەوە لە خشتەکەی مەندەلیف دەچوو، لە بواری توخمە کیمیاوییەکان. چۆن ئەو وه‌ک پێشبینی شوێنی ئەو توخمانەشی دیاری کردبوو کە ھێشتا نەدۆزرابوونەوە، پێشبینییەکانی ئەو بیردۆزەش ئاوا له‌ دۆزینه‌وه‌ی ده‌نگه‌ نادیاره‌کاندا کاریگەر بوون. لێکۆڵەرەوان زۆر چاوەڕوانیان کرد، تا زمانی که‌ونارای ھیتی دۆزرایەوە و دەرکەوت، کە ئەو دەنگە بزربووە چاوەڕوانکراوانەی ساوسور پێشبینی کردبوون، له‌و زمانه‌ و له‌ باکووری کوردستاندا له‌سه‌ر چه‌ند تابلۆیه‌کی قوڕین حەشار درابوون. دیارە دەنگە کپ و کۆنسونانتە ونبووەکان لە زمانانی دی ھاوچەرخیشدا ھەبوون، بەڵام دەستی لێکۆڵەرەوانی پێ نەگەیشتبوو، ھەروەکوو ئێستاش لێی بێبەشن.

کۆتایی...


تێبینی: هه‌مان بابه‌ت زووتریش له‌ ژماره‌ 16ی گۆڤاری (زمانناسی) بڵاو کراوه‌ته‌وه‌، که ڕێکخراوی زمانناسی، له‌ هه‌ولێر ده‌ری ده‌کات‌.

 

ماڵەوە

سەبارەت
جۆربەجۆر
ڕێنووس
ڕێزمان
خاڵبەندی
زاراوەسازی
زمانەوانی
وەرگێڕان
تایپۆلۆجی
زاراوەکان
زمان
وشەنامە
ڤیدیۆ
ناوی کوردی
هۆنراوە