The website of the kurdish language                           Youtube                                      www.yageyziman.com

 


شاسوار هەرشەمی 

                             

   زمانی سێنتوم و ساتێم و

ده‌نگه‌ کلوسیله‌کانی پرۆتۆهیندۆرووپی

 

 هه‌ر له‌ سه‌ده‌ی نۆزدەیەمەوە ئه‌مه‌ ئاشکرا بووه‌ که‌، زمانه‌ هیندۆرووپییه‌ هاوچه‌رخه‌کان بەگوێرەی چۆنیەتیی گۆکردنی ده‌نگی (ک) یان ده‌نگه‌کانی (ک) لە سەرێ تا خوارێ بوونه‌ته‌ دوو له‌ت و دوو به‌شی له‌یه‌کنه‌چوو. ئه‌م دیارده‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌ زمانه‌وانییه‌، پتر له‌ سه‌ت ساڵه سه‌رنجی زمانه‌وانانی بۆ خۆی ڕاکێشاوه‌. له‌م ماوه‌ دوور و درێژه‌دا زۆر لایه‌نی ئه‌م دیارده‌یه‌ ئاشکرا بوون و لێکۆڵینه‌وه‌ و ڕوونکردنه‌وه‌ی تێروتەسەلیان له‌سه‌ر نووسراوه‌.
وه‌ک ده‌رکه‌وتووه‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ ڕاسته‌وخۆ بۆ سه‌ر چۆنێتیی پێکه‌وه‌به‌ستن و پێکه‌وه‌گۆکردنی ده‌نگه‌ کلوسیله‌کانی زمانی هاوبه‌شی پرۆتۆهیندۆرووپی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، بۆیه‌ منیش به‌ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌و ده‌نگانه‌وه‌ ده‌ست به‌ بابه‌ته‌که‌ ده‌که‌م.
کلوسیلەکان یەکەم دەستە دەنگی گەورەن لە زمانی کۆن و ھاوبەشی پرۆتۆھیندۆروپی یان (PIE)دا. ئەم کلوسیلانە بریتین لەو دەنگانەی کە لە ئەنجامی پێوەدانی کونوکەلەبەر و درزی دەنگ و با (جا دەم بێت یان گەروو)، ئینجا کۆکردنەوەی ھەوا لەناو گوپ و دەم و جا لەپڕ کردنەوەی دروست دەبن. وەک دەنگەکانی (پ، ت، ک، گ) و دەنگی دی ھاوشێوەی ئەو دەنگانەش. ھەروەک هەر وەک لە خشتەکەی خوارەوەشدا دەردەکەوێت، زمانی (PIE) سیستەمێکی گه‌وره‌ و ئاڵۆزی لەم جۆرە دەنگانە ھەبووە.
لێکۆڵەرەوان بەگشتی لەسەر ئەمە کۆکن، کە زمانی (PIE) ئەم فۆنیمانەی خوارەوەی ھەبووە، (ئەو فۆنیمانەی کە خراونەتە ناو کەوانەوە، هێشتا لە بوونیان زۆر دڵنیا نین):

 کلوسیلەکان

  • لابیالەکان: P - پ / B - ب / BH ب‌هـ

  • دێنتالەکان: T - ت / D - د / DH دهـ

  • پالاتۆڤێلارەکان: K - ک / G - گ / GH غە {(ک) وەک لە کیژ، (گ) وەک لە گیا}

  • ڤێلارەکان: K - ک / G - گ / GH گ‌‌هـ

  • لابیۆڤێلارەکان: Kʷ - کو / Gʷ - گو / GʷH گوهـ

  • سیبیلانتەکان: S - س

  • لیکڤیدۆر: L - ڵ / R - (ر) {دەنگی سووکی (ر) وەک لە (وەرە، گور، دەرێم)}

  • نەسالەکان: M - م / N - ن

  • لارینگالەکان: H₁ - هـ / H₂ - هـ / ₃H - هـ

  • نیوە ڤاولەکان: Y - ئی ی / Ṷ/ W - ئو (ھەر دەنگە و بە ھەردوو شێوەی لاتینی دەنووسرێت)

  • ڤاوڵەکان (پیتە بزوێنی دەنگدار): E - ئێ / O - ۆ / (A) - ە / I - ئی (کورت)
    Ē - ئێ / Ō - ئۆۆ / (Ā) - ئا / (Ī) - ئی ی / (Ū) - ئوو

    دوای لێکۆڵینەوە و تاقیکردنەوەی زۆری توێژەرەوان، وا گومان دەکرێت کە دەنگی کلوسیلەکان بەسەر پێنج شوێن و شێوەی گۆکردن دابەش بوون. ئەمەش بەگوێرەی ئەو شوێنانەی ده‌زگای ده‌نگه‌ کە شێوە دەبەخشنە دەنگ لە دەم و لێو و ددان و لووت و مەڵاشوو و گەروو و ژێیەکان. ئەم ئۆرگانە ناوبراوانەن کە لە ڕاستیدا لە دروستکردنی دەنگەکاندا ھاوکاری دەکەن. ئەگەر پێناسەیەکی خێرای یەک بە یەکی ئەو پێنج جۆرە دەنگە ناوبراوانە بکەین، ئەوا دەڵێین:

١. دەنگە لابیالەکان: ئەو دەنگانەن کە بە لێکدانی یان چەسپکردنی جۆراوجۆری ھەردوو لێوەکان گۆ دەکرێن.

٢. دێنتالەکان: ئه‌م جۆره‌ ده‌نگانه‌ن که‌ بە گیرکردنی سەری زمان لەسەر ڕیزی بەیەک گەیشتنی ددانەکانی پێشەوە دروست دەبن.

٣. پالاتۆڤێلارەکان: ئه‌م جۆره‌ ده‌نگانه‌ن کە بە بەشی پێشەوەی مەڵاشوو یان نەرمەی مەڵاشووەوە گۆ دەکرێن.

٤. ڤێلارەکان: ئه‌م جۆره‌ ده‌نگانه‌ن که‌ بە بەشە ڕەقەکەی دواوەی مەڵاشووەوە گۆ دەکرێن.

٥. لابیۆڤێلارەکان: ئەوانەش ئه‌م جۆره‌ ده‌نگانه‌ن که‌ ھەر لە مەڵاشووەوە گۆ دەکرێن بەڵام بە خڕکردنەوەی ھەردوو لێو، وەک دەنگی (کو).


ھەر یەکێک لەو پێنج کلوسیلەش کە دەشێت پێشیان بڵێین (شوێنگۆکردن و دەربڕین) بۆخۆیان زنجیرەیەکی دی لە ده‌نگی سێ کلوسیلی پێک دێنن. یەکێکیان سادەیە، وەک (ک، ت). یەکێکی دیان دەنگداری کاڵبووەوەیه‌ یان سووکبووەوەیە، وەک (گ، د). ئەوەی دیشیان، دەنگی له‌راوه‌ یان دەنگدارن بەڵام بە ئەسپیرە بوونەوە، (واتا دەنگی لە گەروودەرھاتووی لە جۆری سێ جۆرە "هێ"یەکان)، کە لە گوتاری بیردۆزەی لارینگال لێیان دواوین و بۆ نموونە (دە، گە)ی دەکەوێتە دوا. لە باری سێیەمدا، دەنگی لە گەروودەرچووی (هێ) یان دەنگێکی دی گەروویی لەم جۆرە، کە لەدوای کلوسیلەکەوە گۆ دەکرێت.
لە سیستەمێکی دەنگی ئاوا ئاڵۆزدا، بێگومان ھێشتنەوە و لێکجیاکردنەوەی ئەو ھەموو دەنگانە، کە ھەندێکیان لە زۆر باردا لەیەک دەچن و لێکجیاکردنەوەیان لە کاتی گۆکردندا بۆ ئاخێوه‌ر کارێکی سەخت بووە. بەدڵنیاییەوە دەڵێین، لەلایەن ھەندێک لەو ئاخێوەرە کۆنانەی داپیره‌ و باپیرانمان، دەنگی ئاوا لەیەکچوو بەئاسانی تێکەڵ بە یەکدی کراون. لەو زمانانەی دی کە دواتر بە درەنگەوە لە زمانی PIE کەوتوونەتەوە، هه‌ر له‌به‌ر سه‌ختیی جیاکردنه‌وه‌ و گۆکردن سیستەمی سه‌ره‌وه‌ی دەنگه‌کان زۆر ساکارتر بۆتەوە. وایان لێ هاتووه‌ که‌ دواتر بە کردەوە جیاوازیکردن لە نێوان سێ زنجیرە دەنگە ڤێلارە جیاوازەکاندا (دەنگەکانی - ک -) کارێکی سەخت و ئەستەم بووە.
بەم جۆرە لە سەرەتاکانی زمانی کەونارای پرۆتۆھیندۆرووپیدا زنجیرەیەک لە دەنگی (ک)ی ئاسایی ھەبووە. دەنگێکی دیی (ک)یش ھەبووە، کە بە شێوه‌ی لێوخڕکردنەوە گۆ کراوە، (وەک له‌ دەنگی "کو"دا ده‌رده‌که‌وێت). دەنگێکی دیی (ک) ھەبووە، کە بە پێشەوەی دەم گۆ کراوە، وەک لە وشەکانی (کیژ، کێ ... له‌ زاراوه‌ی هه‌ولێردا)، مەبەستمان لەو (ک)یەیە کە لە خشتەکەدا بەشێوەی (GH) نووسراوە. نزیکەی ھەموو زمانە ھاوچەرخەکانی ئەم سەردەمەی ھیندۆرووپی جگە لە کوردی و فارسی و ھەندێ وشەی ئینگلیزی و زمانێکی کێلتی، ھەر سێ دەنگە جیاوازەکەی (ک)یان لێک داوە، تا سیستەمێکی ساکارتری دەنگ پێڕەو بکەن و بەرھەم بهێنن. ئەم لێکدانەی دەنگەکانی (ک) کە ئاماژەمان بۆ کرد، لە بنخێزانه‌ زمان و زمانی جۆراوجۆردا بەشێوەی جۆراوجۆر ڕوویان داوە. لە ھەندێک لەو زمانانەدا زنجیرەی دەنگە ڤێلارەکان و لابیۆڤێلارەکان یەکیان گرتووە یان لێکیان داوە و بوونەتە یەک دەنگ. دواتریش ئەو دەنگە لێک دراوەیە و لە پالاتۆڤێلارەکان جیابۆتەوە. پالاتۆڤێلارەکان زۆر جاران بۆ جۆرێک یان شێوەیەکی دەنگی (س - S) گەشەیان کردووە و گۆڕاون. (ئێمە تا ئێستا کۆمەڵێک نموونەی ئەو گۆڕانانەمان لە بابەتەکانی دیماندا پێشان داوە، وەک لە وشەکانی سەر، سەرد، سوار ...
باشترین و دیارترین گۆڕانی دەنگی (ک)ی پالاتۆڤێلار بۆ دەنگی (س) لە زمانی ئاڤێستاییدا دیارە. ئەمەش وه‌ک دیارده‌یه‌کی به‌میراتبۆماوه‌ بەسەر ھەموو بنخێزانی زمانە ئێرانییەکاندا ڕەنگی داوەتەوە. ھەمان دیاردە لە زمانی سانکریتیشدا پەیدا بووە. لە سانسکریتیدا زۆر جار دەنگەکەی سەرەوە بۆتە (ش) و کەم جارێکیش هه‌ر بە شێوەی (س) دەرکەوتووە. دیسان ئەو دیاردەیەی گۆڕانی دەنگە پالاتۆڤێلارەکان بۆ (س) لە زمانەکانی بنخێزانی بالتۆ - سلاڤیش پەیدا بووە. ھەر وەک لە زمانه‌کانی ئەرمەنی و ئەڵبانیشدا ھەر ھەمان شت یان دیاردەی گۆڕانی (ک) بۆ (س) ھەیە. ئەو زمانانەی کە بەرەو دەنگی (س) گەشەیان کردووە و گۆڕاون، وا باوە کە پێیان بگوترێت زمانەکانی (ساتێمی - SATEM) یان (سەتەمی)، کە لە وشەی ئاڤێستایی بۆ ژمارە سەت (SATEM - سەتێم) وەرگیراوە، کە له‌ کاتی خۆیدا بەرچاوترین دەنگی (س) بووە لەبەر چاوی توێژەرەوان. وەک دەزانین وشەکە لە ھاوشێوەکەی لە کوردی و فارسیدا ھەروەک پەھلەویش نزیکە یان دەکرێت بڵێین وەکوو خۆی ماوەته‌وه‌. ژمارەکە لە کوردیدا (سەد)ە، کە ڕاستترە بڵێین (سەت). لە زمانە سلاڤییەکانیشدا (ستۆ - STO) بۆ سەت بەکار دێت. چاوگی وشەکە لە وشەی پرۆتۆھیندۆرووپی(PIE)ی (چمتۆم یان کیمتۆم - KMTOM)ەوە ھاتووە. واتا سەرەتاکەی دەنگی نەرمی (ک) بووە، وەک لە (کیژ)دا گۆ ده‌کرێت. لە زمانەکانی سەرەوەدا وەک بینیمان، پالاتۆڤێلاری سەرەتای وشەکە (ک - K) بۆ دەنگی (س - S) گەشەی کردووە.
لە دەستە زمانەکەی دیی ھیندۆرووپیدا، مەبەستمان ئەو زمانانەن کە لە ڕیزی بنخێزانە زمانەکانی ساتێمی سەرەوەدا ناویان نەھاتووە، گۆڕان و گەشەکردنی دەنگەکان ڕێچکەیەکی دیان گرتۆتە بەر. لەو زمانانەدا دەنگەکانی زنجیرەدەنگی پالاتۆڤێلارەکان و زنجیرەدەنگی ڤێلارەکان یەکیان گرتووە و لابیۆڤێلارەکانیشیان بە شێوەی دەنگی سەربەخۆ ھێشتۆتەوە. واتا لەو زمانانەدا دەنگی پالاتۆڤێلاری (ک)ی سووک ھەر بە شێوەی (ک)ی ئاسایی ماوەتەوە. بەو دەستە زمانانە دەگوترێت زمانانی (سێنتوم - CENTUM). وشەکە لە وشەیەکی لاتینیی (CENTUM) بە واتای ژمارە (سەت) ھاتووە یان وەرگیراوە. ئەم وشەیەش ھەر بە ھەمان شێوەی (ساتێم) لە هه‌مان چاوگی وشەی پرۆتۆی PIE (کیمتۆم - KMTOM) گەشەی کردووە. {تێبینی: وشەکە وەک دیارە (کمتۆم)ە. ئێمە دەنگی (ی)یمان تەنیا بۆ ئەوە خستۆته‌ سه‌ر و نووسیوە، تا دەنگی (ک) لە گۆکردن بۆ (ک)ی سووک بگۆڕێت. دەنا دەنگی (ی) فەرامۆش دەکرێت و ناخوێنرێتەوە. واتا وشه‌که‌ به‌ (چمتوم، سمتوم) گۆ کراوه‌}.
لێرەدا توێژەرەوان بە ھەڵبژاردنی ناوێکی ئاڵۆز و نەگونجاو سەریان لە ھەندێک خوێنەری ئاسایی شێواندووە. وه‌ک ده‌بینین هه‌ردوو ناوی سێنتۆم و ساتێم به‌ هه‌مان ده‌نگی (س) ده‌ست پێ ده‌که‌ن. لە ڕاستیدا دەبا بۆ ئەو زمانانەی کە دەنگی (ک)ی سووکیان کردۆتە (ک)ی ئاسایی، ناوێکی دی داندرابایە، کە بە (ک) دەستی پێ کردبایە. نەک (سێنتوم) کە ھەروەک (ساتێم) بە دەنگی (س) دەست پێ دەکات و دیاره‌ ئه‌مه‌ش بیانووی خۆی هه‌یه‌. دەتوانین ئەو کێشەیە ئاوا ڕوون بکەینەوە کە زمانی لاتینی دوای ئەوەی سەردەمی کلاسیکیی خۆی تێ پەڕاند، گۆڕانێکی بچووک بەڵام گرنگی لە دەنگی (ک) بەدی ھێنا. بەمەش ھەنگاوێک لە زمانە ساتێمەکان نزیک کەوتەوە. دەبینین لە زمانی لاتینیی ناوەندا، ئەگەر دەنگی (ک) بکەوێتە پێش ڤاوڵ یان دەنگە بزوێنەکانی پێشەوە، ئەوا (ک) بۆ دەنگی (چ - CH) یان (س - S) دەگۆڕێت. ئەم گەشەکردن و گۆڕانە دواتر بە میرات بۆ ھەموو زمانە ڕۆمانییەکانی دی لە لاتینیی وەپاشکەوتوو دەگوازرێتەوە. {سەیری گۆکردنی وشەی فەرەنسیی (CENT – چێنت) و وشەی ئیتاڵیی (CENTO - چێنتۆ) بکە یان ناوی دوورگەی ئیتاڵیی ناسراوی (سیسیلیا) کە بە ئیتاڵی پێی دەگوترێت "چیچیلیا"}. دیارە ئەم گۆڕانە درەنگوەختە ھیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە لاتینی یەکێکە لەو زمانە سێنتومه‌ کلاسیکییانەی کە دەنگی (ک)ی سووکیان بە ده‌نگی (ک)ی ئاسایی ھێشتۆتەوە. واتا دەنگی (ک) لەو زمانانەدا نابێت بە (س) وەک لە زمانە ساتێمەکاندا باوە. من لە چەند گوتارێکی ئەم دواییانەی توێژەرانی دیاری بواری زمانە ھیندۆرووپییەکاندا بینیومە، کە لە جیاتیی زمانە سێنتومەکان، نووسیویانە زمانە (کێنتومەکان)، واتا بە گەڕانەوە بۆ ناوی کۆنی سەت بە لاتینی، وەک ئەوەی کە من چاوەڕوانیم دەکرد.

زمانە گێرمانییەکانیش ھەر بە زمانانی سێنتوم دادەنرێن، ھەرچەندە لەو زمانانەدا (ئینگلیزی، ئەڵمانی، سویدی، نەرویژی، دانمارکی، ئیسلاندی، ھۆڵەندی و ھیدیش) دەنگی (ک) بەگوێرەی ڕێسای گۆڕینی دەنگی گریم بۆ دەنگی (هێ - H) دەگۆڕێت. لەمەشەوە تێ دەگەین، کە بۆچی بە زمانی (گۆتی) وەک نموونەیەکی کلاسیکی زمانانی گێرمانی بە ژماره‌ سەت دەگوترێت (ھوندە - HUNDA)، ھەروەک لە ئینگلیزیشدا بۆ سەت (ھەندرێد - HUNDRED) و لە سویدی (ھوندرا - HUNDRA) و ئەڵمانی (ھوندریت - HUNDERT)، ھەر لە ھەمان ڕەگ و چاوگی ھاوبەشی وشه‌ی پرۆتۆھیندۆرووپییەوە بۆ سه‌ت ھاتوون.
بەم جۆرە دیاردەیەکی سەرنجڕاکێشمان لە گۆکردنی دەنگە زۆرەکانی (ک) لە زمانی (PIE) بۆ دەردەکەوێت، ئەویش ئەوەیە، کە گۆڕینی ئەو دەنگانە دوو شێوەی سه‌ره‌کیی وەرگرتووە. ئەو دوو شێوەیەش زمانە ھیندۆرووپییەکانی لە سەرەوە تا خوارێی شەق کردووە و لێکی ترازاندوون یان کردوونیەتە دوو بەشی زۆر وێکنه‌چوو.
دەتوانین ئەم گۆڕانکارییە ناوەندییەی ھەردوو بەشی زمانە ھیندۆرووپییەکان لەم خشتەیەدا دەر بخەین:

زمانی PIE زمانی سێنتوم زمانی ساتێم
K ک K ک K ک {هه‌ندێک جاریش (ه)}.
K ک K ک S س {هه‌ندێک جاریش (ش)}.
K ک KU ک K ک

دیارە ئەو خشتەیەی سەرەوە بەرەنجامی باوەڕی توێژەرەوانی ئەو بوارەیە. ئەوەی کە من دەمەوێت جەختی لێ بکەمەوە، بریتییە لە شێوە گۆڕانی دەنگی سێیەم یان دەنگی ھەرە خوارووی (ک) لە ڕیزی لیستەکە و لەژێر دەنگەکانی زمانی (PIE)دا. وەک دەبینین لە زمانە سێنتومەکاندا ئەم دەنگە گۆڕاوە و بۆتە (کو - KU). ھەرچەندە ئەو دەنگە گۆڕاوەش لە زۆرێک لەو زمانانەدا یان زمانەنەوە و وەچەزمانه‌ ھاوچەرخەکاندا ھەر نەماوە یاخود ئەوەی ھەیە، لە چەند دانە وشەیەک بەولاوەتر دەست ناکەوێت. ھاوکات توێژەرەوان لایان وایە، کە لە زمانە ساتێمەکاندا ھەمان دەنگی (ک -PIE) (K) ھەروەکوو خۆی ماوەتەوە و نەگۆڕاوە. دیارە ئەمە لانی کەم بۆ زمانە ئێرانییەکان بەگشتی و زمانی کوردی بەتایبەتی، ڕاست نییە. گۆڕانی دەنگی پڕۆتۆی (ک) بۆ (کو- KU) لە زمانی کوردیدا ئەمەندە بەرفراوان و کاریگەرە، تەنانەت (گ)یشی گرتۆتەوە، کە بۆ دەنگی (گو- GU) گۆڕیویەتی و وەک لە نموونەکانی پێشووتردا ھێمامان بۆ کردوون (کو، کوێ، کوڕ، کوا، گو، گوێ، گوە) و زۆری دیش. بەم جۆرە زمانی کوردی ھەرسێ دەنگەکەی (ک)ی زمانی (PIE)ی باش پاراستووە، دیارە بە گۆڕانی یەکێکیان بۆ دەنگی (س)یشەوە و ئینجا دەبن بە سێ. ئەگەر دیسان بگەڕێینەوە سەر خشتەی گۆرین، ئەوا بەئاشکرا دەبینین ھەردوو بەشەکە یان دەستەزمانەکان سیستەمێکی دەنگی ئاڵۆزی زۆر سەختیان ڕووبەڕوو بۆتەوە، کە لێکجیاکردنەوەی دەنگەکانی، کارێکی ھەروا ئاسان نەبووە. ئاخێوەرانی دواتری میراتگری ئەو زمانانە، ئەو دەنگانەیان ئاسان کردۆتەوە. لە زنجیرەیەکی سیانیی دەنگی ڤێلارەکانەوە تەنیا دووانیان ھێشتۆتەوە بەڵام وەک ئاماژەمان پێ داوە، ھەر دەستە زمانە و ئەم کارەی بە شێوەیەکی جیا لەوەی دی کردووە.

لە ساڵانی بەرایی لێکۆڵینەوە لە زمانە ھیندۆرووپییەکاندا کاتێک کە ئەو بارە لێکجیاوازەی ھەردوو دەستە زمانەکە دۆزرایەوە، لێکۆڵەرەوان گەیشتبوونە ھەڵێنجانی بەرەنجامێکی دیی زۆر سه‌رپه‌ڕ و ڕادیکال. ئەوان لایان وابوو، کە جیاوازی لەنێوان زمانە سێنتومییەکان و زمانە ساتێمییەکاندا تەنیا ھێما و نیشانەیەکی به‌ میراتبۆماوەیە بۆ دابەشبوونێکی ھێشتا گەورەتر و کاریگەرتری نێوان زمانە ھیندۆرووپییەکان بۆ سەر دوو دەستە. ئەوان لەمەدا پشتیان بە ڕاستییە لەبەردەستەکانی ھەڵکەوتنی شوێن و باری جوگرافیی ھەردوو دەستە زمانەکە دەبەست. ئەو ڕاستییانەش وا لەبەر چاوان دەردەکەوتن، کە زمانەکانی سێنتوم لە ڕووی جوگرافییەوە ھەموویان لە ڕۆژئاوا ھەڵکەوتوون. (بنخێزانە زمانە ھیندۆرووپییەکانی وەک: گرێکی، ئیتاڵی، کێلتی، گێرمانی). زمانەکانی ساتێمش ھەموویان کەوتوونەتە ڕۆژھەڵات (بنخێزانە زمانە ھیندۆرووپییەکانی وەک: ھیندۆ - ئێرانی، بەلتۆ – سلافی، ئەرمەنی و ... ئەڵبانی). ئەم بیردۆزەیە یان ئەم بۆچوون و بیرۆکەیە زوو پشتی لە زەوی درا و دەرکەوت کە ڕاست نییە. ناڕاستیی ئەم بۆچوونە لە سەرەتای سەدەی بیستەم ڕوون بووەوە، کاتێک کە ھەردوو زمانی ھیتی و تۆخاری دۆزرانەوە و توانرا لێیان بکۆڵرێتەوە. دوای لێکۆڵینەوەکان، دەرکەوت کە ھەردووکیان سەر بە زمانەکانی سێنتومین، سەرەڕای ئەوەش کە دوو زمانەکە لە قووڵایی ڕۆژھەڵات ھەڵکەوتوون، بەتایبەت زمانی تۆخاری کە کەوتۆتە ئەوپەڕی ڕۆژھەڵاتی ھەموو زمانە ھێندۆرووپییەکانی دیەوە (له‌سه‌ر سنووری وڵاتی چین). زمانی ساتێمی ئەڵبانیش ھەر بۆ گونجاندن، ھەڵکەوتی شوێنەکەی لەگەڵ ڕۆژھەڵات دانرابوو، ئەگەر نا، زمانەکە نەک ھەر دەکەوێتە ڕۆژئاواوە بەڵکوو دەشکەوێتە نێوان دوو بنخێزانە زمانی سێنتومی گرێکی و ئیتاڵی لە ڕۆژئاوادا. واتا لە دوو لایەوە به‌ زمانی سێنتومی تەنراوە. ھەر لەبەر ئەمە، لێکۆڵەرەوان و مێژوونووسانی زمان بەناچاری ھاتنە سەر ئەو باوەڕەی، کە جیاوازییەکی زۆر گەورە لەنێوان زمانەکانی سێنتوم و ساتێمدا نییە تا ببێتە جیاوازییەکی بنەڕەتی لە گەشەسەندن و گۆڕانی ئەو زار و زمانانەدا کە دواتر لێیانەوە ھاتوون. ھەروەھا ئەگەر ئەم جیاوازییە بکرێتە بناغەیەکیش بۆ ھەر جیاوازییەکی فەرھەنگی و شارستانی، ئەوا پووچ و بێبناغەیە. ئەو جیاوازییە یان ڕاستر بڵێین ئەو گونجاندنەی کە پێویست بووە لە گۆڕانی گۆکردنی دەنگەکان و ئەو زمانانەی ملکەچی گۆڕان بە دوو ئاڕاستە یان شێوەی گونجاو کردووە، بەبێ ئەوەی ھەڵکەوتنی شوێنی جوگرافیی زمانەکان ڕۆڵیان لەمەدا ھەبووبێت. تەنانەت بێ ئەوەی بشتوانین ئەمە بسەلمێنین، کە لێکچوونی دوو دەستە زمانەکە لە بنەڕەتدا ھەر یەکە و لە پرۆتۆزمانێکی ھاوبەشیشەوە ھاتوون. واتا دەشێت دیاردەکە ھاوکات لە چەند پرۆتۆزمانێک دەرکەوتبێت. دیارە دەبێ گونجاندنەکان وەک بناغەیەک لە سەرەتاوە و لە ھەندێک زاراوەی زمانی (PIE)دا ڕوویان دابێت، کە دواتر ئەمانە بناغەی ھەندێک پرۆتۆزمانیان پێک ھێناوە. ئینجا بە دابەشبوون و وەچەلێکەوتنەوەی پتر، دیاردەکە بە شێوەیەکی بەرفراوانتر بەسەر نەوە زمانەکانی دیدا بڵاو بۆتەوە.

توێژەرەوان دانە دانە تووشی ھەندێک زمانی ھیندۆرووپیی کلاسیکی بوونەتەوە، کە سەر بە ھیچ یەکێک لە دەستەکانی سێنتومی یاخود ساتێمی نین. ئەم جۆرە زمانانە ھەرسێ زنجیرە دەنگەکەی زمانی (PIE) یان پرۆتۆیان بە ھاوتەریبی پاراستووە. ئەم دیاردەیە لە زمانی کۆنینەی لوڤی زۆر ڕوونە. (لوڤی زمانێکی ئەنادۆڵییە و وێکچوون و خزمایەتیی نزیکی لەگەڵ زمانی سێنتومی ھیتیدا ھەبووە). لە زمانی لوڤیدا وەک گوتمان، جیاوازی لە نێوان ھەر سێ دەنگەکە کراوە، یەکێک لەوانە دەنگی (ز - Z)ە کە بە شێوەی (تس - TS) گۆ کراوە و لە بنەڕەتدا لە دەنگی (ک - K )ی سووک ھاتووە. ھەروەھا دەنگی (ک - K)ی ئاسایی، کە میراتیی ھەمان دەنگی (K)ی زمانی (PIE) بووە و ماوەتەوە، لەگەڵ دەنگی (کو - KU، کە دیسان پاشماوەی میراتیی دەنگی (کو - KU)ە لە زمانی (PIE)دا. بەم جۆرە ھەرسێ زنجیرە دەنگەکە بوونی خۆیان لە زمانی لوڤیدا پاراستووە. وەک دەردەکەوێت لە زمانی ئەڵبانیی کلاسیکیشدا ئەو سێ جیاوازییە ھەبووە. جێی خۆیەتی کە لێرەدا ئاماژە بۆ ئەوە بکەین، دەنگی سووکی (ک) لە زمانی کوردیدا لە شوێنی جیاجیا و بە شێوەی لێکجیا گۆ دەکرێت، کە لەوانەیە ھەندێکیان پاشماوەی گۆکردنی کۆن بن و بە میرات بۆمان مابنەوە. با نموونەی (کێ) وەربگرین، کە لە ھەندێک شوێندا ھێشتا دەنگی (ک) بەنەرمی گۆ ناکرێت. ئەمە لە باری دەنگی (گ) ھێشتا باشتر دیارە. بۆ نموونە وشەیەکی وەک (گیسک) کە بە بزنی یەک ساڵە دەگوترێت، لە زوربەی زاراوەکاندا وەکوو دەنگی ئەستووری (ج) گۆ دەکرێت بەڵام لە ھەندێک شوێنیشدا وەکوو دەنگی سووکی (ج) گۆ ده‌کرێت، وه‌ک ئه‌و (ج)ه‌ی که‌ لە زاراوەی کەرکووک دەبیسترێت و گۆ دەکرێت. بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بۆ زاراوەی خەڵکی (گەڵیاوە)ی نێوان ھەولێر و سەربەن بکەین، کە بەپێچەوانەی دانیشتوانی دەوروبەریان، دەنگی سووکی (گ) بە شێوەی (ج)ی سووکی لە (ج)ی کەرکووکچوو گۆ دەکەن. دیارە ھەر ئەوانەش کە دەنگی (ک)یان نەدەگۆڕی، ئەوا دەنگی (گ)یش ھەروەکوو خۆی بێ گۆڕان گۆ دەکەن.


* * *


لێرەدا من دیسان دەگەڕێمەوە سەر زمانی کوردی و دەیسەلمێنم، کە لانی کەم لەو زمانەدا، ئەو دابەشکردنەی زمانەکان بەسەر دوو دەستەی سێنتومی و ساتێمیدا، سنوورێکی کاریگەر و دیاری نەک ھەر لەنێوان زمانەکاندا بەڵکوو لەناو یەک زمانیشدا نەکێشاوە. زمانی کوردی کە زمانێکی بنخێزانی ھیندۆ - ئێرانی و لکی ئێرانییە، بەبێ ھیچ گومانێک دەکەوێتە ناو دەستەزمانەکانی ساتێمی ئاڤێستاییەوە. ئێمە لە بابەتەکانی پێشووماندا چەندان نموونەی سەلمێنراومان لەسەر گۆڕانی دەنگی (ک) بۆ (س) لە کوردیدا ھێناوەتەوە، وەک سەر، سوار. ئەوەی کە توێژەرەوان تا ئێستا لە ھیچ زمانێکی ھیندۆرووپی پەیان پێ نەبردووە، لە زمانی کوردیدا بەڕوونی دیارە. مەبەستمان لە بوونی شوێنەواری زۆری دەستەزمانەکانی سێنتومییە لەناو دەقە پارێزراوەکانی ھەمان زمانی ساتێمی کوردیدا. من تەنیا بۆ سەلماندن و دەرخستنی ئه‌مه‌، پەنا دەبەمە بەر دەستنووسی فەرھەنگی ئێتیمۆلۆژیی هه‌رشه‌می (کە ھێشتا چاپی تەواو نەبووە) و ئەو چەند وشە سێنتومییە ڕادەگوێزم، کە دەنگی (ک)ی کوردی لە زمانە گێرمانییەکانی ھەمان وشە کوردییەکەدا بە (H) دەردەکەوێت وەک: کرێ، بە ئینگلیزی (ھایر - HIER). بە سویدی (ھیرە - HYRE). بە دانمارکی (ھیرێ - HYRE). وشەیەکی دی، بریتییە لە کەڵەگەت کە لە چاوگی وشەی (PIE)ی (KEL - کێل)ڕا ھاتووە و بەواتای بەرز. ھەر بە ھەمان شێوەش، وشەی (کێل) لە کوردیدا کە بۆ کێلەبەردی بەرز و کێلی سەر گۆڕ بەکار دێت، هه‌ر له‌ هه‌مان ڕه‌گه‌وشه‌ی سه‌ره‌وەڕا ماوه‌ته‌وه‌. دیسان وشەی کا ( مه‌به‌ست گیای وشکی وردکراوه‌)، کە لەگەڵ وشەی گرێکی (KALAMOS - کالەمۆس) ھاوڕەگە و بە واتای زەل و قەسەڵ و قامیش. لە زمانی لاتینی (KULMUS - کولموس) واتا پووش و قەسەڵ. تێبنی دەکەین کە لە ئەڵمانی (ھێو - HEU) واتا کا. لە سویدی (ھا یان ھۆ - HÖ) کایە. ھەر بە ئینگلیزی و دانمارکی و سویدیش بە پووش و قەسەڵیش دەڵێن (HALM - ھالم). لە ئەنگلۆساکسۆنیشدا وشەکە بە (HEALM - ھیەلم) ھاتووە. لە زمانی ئیسلاندنی (ھێی - HEY) واتا کا. تا لە زمانەکانی بەلتۆ- سلاڤیشدا ناوی (کا) وەک چاوەڕوان دەکرێت، بە گۆڕانی دەنگی (ک) بۆ (س) دەبینرێت. لە سلاڤیی کۆندا پووش و قەسەڵ پێی گوتراوە (SLAMA - سلامە). لە زمانی لێتی بۆتە (SALMS - سالمس). تا بە ڕووسیش بە کا دەگوترێت (SOLOMA - سەلۆمە). دەبینین بە گۆڕینی شوێنی دەنگەکانی (هێ، س) لەم ناوانەی سەرەوەدا، ھەمیشە وشەی (ھا، ھۆ)مان لەگەڵ پاشبەندێک بۆ دەردەکەوێت، کە ھەمان کایە. یاخود وشەی کالان (بەرگی خەنجەر و شمشێر) لە زمانی گێرمانی (ھێلان - HELAN) بۆ داپۆشین بەکار دێت. ئەمانە تەنیا چەند نموونەیەکی خێرا و ئامادەن، دەنا ھێشتا دەکرێت زۆر نموونەی دیی لەم جۆرە ئاماژەی بۆ بکرێت. ئه‌مانه‌ ھەموویان دەیسەلمێنن، کە وشەی لە باری دەنگی (ک)ماوەی ناو زمانی کوردی، زۆر و زەوەندن.
ئەم دیاردەیە پێویستی بە لەسەرڕاوەستان و لێکۆڵینەوەی وردتر ھەیە. ھەر بەخێرایی و بێ خۆماندووکردن، ئێمە دەتوانین کۆمەڵێک پرسیاری وەڵام نادیار لە خۆمان بکەین، وەک، ئایا بەڕاستی دیاردەی سێنتومی و ساتێمی زمانەکانی ھیندۆرووپی کۆن و نوێی بەسەر دوو دەستە زماندا دابەش کردووە؟ ئایا لە زمانە ساتێمییەکانی دیشدا دیاردەی سێنتومی وەک ئەوەی لە کوردی بینیمان، ھەیە؟ ئایا ئەو وشە سێنتومییانەی زمانی کوردی (کە پێناچێت وشەی لە زمانانی دی وەرگیراو بن)، پاشماوەی میرات و کاریگەریی زمانی سێنتومی ھیتین؟ ( وەک دەزانین زمانی ھیتی کۆنترین زمانی سێنتومی و تەنانەت کۆنترین زمانی ھیندۆرووپیشە، کە لە ڕووی جوگرافییەوە تێکەڵ بە شوێنی زمانی کوردی بووە، چونکه‌ زمانه‌که‌ لە باکووری کوردستان دۆزراوەتەوە) یاخود ئەو وشە کوردییانەی له‌و جۆره‌، کاریگەریی زمانی کێلتیی گالاتەکانە و ماوه‌ته‌وه‌؟ (گالاتەکان تا سەدەکانی بەرایی زایینیش لە ئاسیای بچووک ھەبوون و دواتر بەشێنەیی ناویان لە مێژوودا نەماوە). دیاردەیەکی مێژوویی لەوانەش کاریگەرتر و بەرفراوانتر، بریتییە لە دەرکەوتنی ھۆزە ئازا و شەڕکەرەکانی سەکسی و کیمیریی ھیندۆرووپی، بە ھەموو پانتایی کوردستانەوە. ئەوانە لە سەدەی پێنجەمی پێش زایین چی وایان نەمابوو کە دەستەڵاتی میدییەکانیش تەفروتوونا بکەن. سەکس و کیمیرییەکان گومان وایە بەشێکی ئەو ھۆزە کێلتیانە بن، کە ھەموو ئەورووپاشیان تەنییەوە. شاری (سەقز) یادگارێکی سەکسییەکانە. تیرەیەکی ئەوانە کە بە (ئالان) ناسرابوون، تا سەدەی یەکەمی زایینیش لە شاری ئەربیل پاشایەتییان دەکرد. لە یادگاریی ئالانەکان دەکرێت ئاماژە بە داستانی (مەمی ئالان) بکەین. ھەروەک ناوەکانی (ئەردەلان) و ناوچەی (ئالانە)ی لای سەردەشت بۆ ناوی ئەو تیرەی دەگەڕێننەوە. بە گومانی زۆر سەکس و ئالان و کیمیرییەکان دوای مانەوە و بەشداریکردنیان لە پێکھێنانی ڕوخساری نەتەوەیی گەلی کورددا، گەورەترین کاریگەریی زمانەوانییان له‌دوای خۆیاندا له‌ کوردستان بەدی ھێناوە. ئەم پرسیارانە ھەمووی شایستەی لێکۆڵینەوە و لەسەرڕاوەستانی زانستییانەن، تا بگەین بە بەرەنجامێکی ڕاست و دروست بەڵام ئەم کارە ئەرکی ئەم گوتارە پێناسەییە نییە.
 

کۆتایی ...

 

 

 

ماڵەوە

سەبارەت
جۆربەجۆر
ڕێنووس
ڕێزمان
خاڵبەندی
زاراوەسازی
زمانەوانی
وەرگێڕان
تایپۆلۆجی
زاراوەکان
زمان
وشەنامە
ڤیدیۆ
ناوی کوردی
هۆنراوە