ئامادەکردنی: دیاکۆی هاشمی

زانستی وه‌رگێڕان (٢)


(وه‌رگێڕانی زاری
interpretation)

وه‌ك له ناوه‌كه‌یه‌وه دیاره وه‌رگێڕانی زاری وه‌رگێڕانێكه كه به شێوه‌ی زیندوو و به په‌له‌ ده‌كرێت. هاوكات كه وته‌ر قسه‌ ده‌كات وه‌رگێڕ‌ه‌كه‌ ده‌بێ وته‌كان وه‌رگێڕێته‌وه. به‌پێچه‌وانه‌ی وه‌رگێڕانی نووسراوی، له وه‌رگێڕانی زاریدا كات كه‌مه، هه‌موو شته‌كان به‌خێرایی ده‌چنه پێشه‌وه و به‌كارهێنانی ئامێره یارمه‌تیده‌ره‌كان وه‌كوو فه‌رهه‌نگنامه ئه‌سته‌مه. 
به‌سته به‌وه‌ی كه له چ زمانێكه‌وه وه‌رگێڕان ده‌كرێت، شێوه‌ی وه‌رگێڕانه‌كه‌ دابه‌ش ده‌كرێ به‌سه‌ر: 

  • وه‌رگێڕانی هاوكات
  • وه‌رگێڕانی ناهاوكات

بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ سه‌یری پێكهاته‌ی ڕێزمانیی زمانی ئینگلیزی بكه‌ن: 
 


كه لێره‌دا (S = بكه‌ر)، (V = كار) و (O = به‌ركار)ه. 
ده‌بینین كه زمانی ئینگلیزی ڕیزبوونی بنه‌ماییی (SVO) ی هه‌یه، واته له پێشدا بكه‌ر، پاشان، كار و دوایی به‌ركار ده‌نووسرێت. 
له زمانی كوردیدا ڕیزبوونی بنه‌مایی وه‌كوو زمانی ئینگلیزی نییه و به‌ڵكوو به‌‌شێوه‌ی (SOV)ه واته له‌پێشدا بكه‌ر، پاشان به‌ركار و دوایی كار دێت: 
 

زمانی فارسیش ڕیزبوونی بنه‌ماییه‌كه‌ی وه‌كوو زمانی كوردی واته (SOV)ه. 
 

 

ئێسته ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕێك بێت و بییه‌وێ به‌شێوه‌ی زاری و خێرا له زمانی ئینگلیزییه‌وه وته‌یه‌ك بكاته كوردی، بۆ ئه‌وه‌ی ڕسته‌یه‌كی ته‌واو بداته ده‌سته‌وه ده‌بێ بوه‌ستێ تا قسه‌بێژه‌كه‌ ڕسته‌كه‌ی ته‌واو بكا كه زۆرجار پتر له ڕسته‌یه‌كه و ده‌بێ له مه‌به‌سته‌كه‌ به‌ته‌واوی تێ بگا، ئینجا ده‌ست بكاته وه‌رگێڕان. واته ئه‌و كاته به‌شێوه‌ی ناهاوكات وه‌رگێڕان ده‌كات و پاش وه‌ستانێكی قسه‌بێژه‌كه وه‌رگێڕانه‌كه‌ی ته‌واو ده‌كات. 
به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێت و له زمانی فارسییه‌وه وه‌ری بگێڕێ ده‌توانێ هاوكات وه‌رگێڕان بكات، چونكوو ڕیزبوونی دوو زمانی فارسی و كوردی له‌سه‌ر یه‌ك شێوه ڕیزبوونه و پێویست ناكات چاوه‌ڕوان بێت تا له ته‌واوی مه‌به‌سته‌كه‌ تێ بگات، ته‌نها به تۆزێ جیاوازیی كات وه‌رگێڕانه‌كه‌ی ته‌واو ده‌كات.

 

به‌مجۆره ده‌بینین ئه‌گه‌ر پێكهاته‌ی ڕیزبوونی زمانی ده‌ستپێك و زمانی مه‌به‌ست وه‌كوو یه‌ك بن، وه‌رگێڕانی زارییه‌كه به‌شێوه‌ی (وه‌رگێڕانی هاوكات) ده‌كرێت. 
به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێكهاته‌ی ڕیزبوونی زمانی ده‌ستپێك و زمانی مه‌به‌ست وه‌كوو یه‌ك نه‌بن، وه‌رگێڕانی زارییه‌كه به‌شێوه‌ی (وه‌رگێڕانی ناهاوكات) ده‌كرێت.

 

شارەزایی لە بوارەکە

وەرگێڕانی زاری یان ڕاستەوخۆ یەکێک لە سەختترین شێوازەکانی وەرگێڕانە، چونکوو وەرگێڕ دەبێ بێ گتکردن و وەستان، خێرا خێرا بۆ هەر دوو زمانەکە وەرگێڕان بکات. بۆ ئەم کارە وەرگێڕەکە پێویستە شارەزاییی باشی لە هەر دوو زمانەکە هەبێت و هەروەها شارەزاییی باشیشی لە بابەتەکە هەبێت کە وەرگێڕانی لێ/ بۆ دەکات. بوارەکان و پسپۆڕییەکان زۆر سنووردارن و کەسێ کە لە بوارێکی گشتیدا وەرگێڕان دەکات ڕەنگە نەتوانێ لە دادگایەک یان لە نەخۆشخانەیەک وەرگێڕان بکات، چونکوو بۆ نموونە ئەو دوو شوێنە کۆمەڵێک چەمک و وشە و دەستەواژەی تایبەت بە بواری خۆیان هەیە کە ئەگەر کەسێک لەوانە شارەزاییی نەبێ، ڕەنگە ئەو وشانەی هەر بەر گوێ نەکەوتبێت، بۆیە گرنگە لە پێشدا لە بوارەکەدا شارەزاییی هەبووبێ.

جاری وایە لە زمانێکدا ڕەنگە زاراوەیەک یان چەمکێک بۆ مەبەستێکی تایبەتی بوونی هەبێت، بەڵام بەرانبەرەکەی لە زمانێکی تردا هەر نەبێت، بۆیە گرنگە وەرگێڕ چێژی "زاراوەسازی و وشەسازی"ی هەبێت تا بتوانێ لە کاتی پێویستدا وشەیەک یان زاراوەیەک یان چەمکێک بەرانبەر بەوەی لە زمانی سەرچاوەدا هەیە دابنێت، کە بتوانێ بۆ خێراییی کارەکەی لە وەرگێڕانەکەیدا بەکاری بهێنێ و وشەداهێنراوەکەش نابێ هێندە لای گوێگری زمانی مەبەست نامۆ بێت کە بحەپەسێت.

بۆ نموونە لە دەزگای کۆچبەریی سویددا، کۆمەڵێ چەمک و زاراوەی تایبەت بە کۆچبەری بەکار دەچن کە ڕەنگە لە کوردستان یان تەنانەت لە ئێران و ئێراقیشدا بەرانبەرەکەیان بوونیان نەبێت، وەرگێڕ دەبێ هێندە بەتوانا و بەسەلیقە بێت کە چەمکی پڕبەپێستیان بۆ بدۆزێتەوە. جاری واشە لە وشە داهێنراوەکە کەس تێ ناگات، چونکوو بوارەکە هێندە تایبەتە ڕەنگە لە زمانی سەرچاوەشدا کەسێکی ئاسایی کە سەرقاڵی ئەو بوارە نەبێت لێی تێ نەگات، بەڵکوو پێویستی بە لێکدانەوەیەک هەیە، نموونەی ئەو چەمکانە ئەو زاراوانەن کە بۆ بواری پەنابەری بەکار دەچن کە تەنانەت هەندێ جار سویدییەکی ئاسایی لە وشە سویدییەکە تێ ناگات، چ نەخوازەڵڵا وەرگێڕێک بیەوێ خۆی وشەیەک بەرانبەریان دانێ و چاوەڕێ بێت پەناخوازێکی کورد لەوانە تێ بگات. نموونەی ئەو چەمکانە ئەمانەن:

جاڕی پلەی پەنابەری / ڕاگەیاندنی پلەی پەنابەری

flyktingstatusförklaring

جێگرەوەی جاڕی داڵدە / جێگرەوەی ڕاگەیاندنی پاراستن

Alternativ skyddsstatusförklaring

 

 


دیارە نە سویدییەک و نە کوردێکیش کە یەکەم جار ئەوانە ببیسن لە مەبەستەکان تێ ناگەن، مەگەر ئەوەی کە کاربەدەستەکەی دەزگای کۆچبەری مەبەستەکە ڕوون بکاتەوە. چونکوو ئەوانە زاراوەی بواری کۆچبەرین لە وڵاتی سویددا و ئەو وشانە هەرچەندیش بەدروستی بە فارسی یان عەرەبی یان کوردی بەدوای یەکدا ڕیز بکرێن و وەربگێڕدرێنەوە، هێشتاش هەر لەلای گوێگرەکان نامۆن، بەڵام وەرگێڕ لە کاتی وەرگێڕانی ڕاستەوخۆدا دەبێ بەرانبەر بەوانە وشەی هەبێ تا وەرگێڕانەکەی پەکی نەکەوێت، جا ئەگەر گوێگرەکە تێ نەگەیی ئەرکی سەرشانی خۆیەتی داوا لە کاربەدەستەکە بکات کە ئەو چەمکانە ڕوون بکاتەوە تا ئەو تێیان بگات.

بۆ دانانی وشەی بەرانبەر ئەو چەشنە دەستەواژانە، وەرگێڕەکە دەبێ بەباشی لە یاسا و ڕێساکانی پەنابەریی سوید تێ گەیشتبێ و بەباشی بزانێ مەبەست چییە تا بتوانێ بەرانبەری گونجاو بدۆزێتەوە و لە کارەکەیدا بەکاری بهێنێ.

لە وڵاتە ئورووپایییەکان بۆ نموونە لە سویددا، کۆمەڵێ بنکەی جۆربەجۆری وەرگێڕان هەیە کە گەلێ وەرگێڕ لەو شوێنانەدا کار دەکەن، جاری وایە وەرگێڕەکان لەلای بەکارهێنەران ئامادەن و جاری واشە لە دوورەوە، لە ڕێی تەلەفۆن یان ڤیدیۆوە وەرگێڕانی ڕاستەوخۆ یان زاری دەکەن، چاو لەم بەستەرە بکەن کە نموونەی بنکەیەکی وەرگێڕانە لە سوید کە وەرگێڕەکانی لەنێو نووسینگەیەکی گەورە دانیشتوون و تەنیا لەڕێی تەلەفۆن یان ڤیدیۆوە کاری وەرگێڕان دەکەن لە نێوان زمانی سویدی و کۆمەڵێ زمانی تر بۆ وێنە عەرەبی، کوردی، فارسی، دەری، ڕووسی، سۆمالیایی و هتد:

وەرگێڕی ڕاستەوخۆ TolkDirekt

 

چڕیی هزر

لە وەرگێڕانی ڕاستەوخۆ یان زاریدا، وەرگێڕ دەبێ تەنانەت بۆ چرکەیەش هزری لە بابەتەکە دانەبڕێ، چونکوو هەر کە شیرازەی بابەتەکەی لێ بپچڕێت کاری وەرگێڕانەکەی تێک دەچێت و بگرە وەرگێڕانێکی بەپێچەوانە بداتە دەستەوە. جاری وایە وەرگێڕەکە  ناچارە گوێ لە جەند ڕستەیەک بگرێ پێش ئەوەی بتوانێ دەست بکات بە وەرگێڕان، بۆیە دەبێ توانای چڕیی هزر و وەبیرهێنانەوەی خۆی گەشە پێ بدات، جاری واشە دەتوانێ کەڵک لە وشەی کلیلی وەرگرێ و لە کاتی گوێگرتندا ئەو وشە کلیلییانە بنووسێتەوە و بۆ ئەوەی ڕستەکانی بێتەوە بیر. لەم ڤیدیۆیەدا ڕوونکردنەوەی باش لەسەر ئەو مەبەستە دراوە:

خولی فێرکاری بۆ وەرگێڕانی زاری، بە ئینگلیزی

 

تەکنیکی وەرگێڕان

وەرگێڕانی ڕاستەوخۆ تەکنیکی تایبەتی خۆی هەیە، بۆ نموونە پێش لە دەستپێکردنی وەرگێڕانەکە، وەرگێڕەکە دەبێ بە هەر دوو زمانەکە خۆی بە لایەنەکان بناسێنێ، باسی بێلایەنیی خۆی لە وەرگێڕانەکە بکات و هەروە باسی ئەرکە گرنگەکەی خۆی بکات کە "ڕازپارێزی" و "نەدرکاندنی باسەکانیان لەملا و لەولایە" بۆ ئەوەی هەر دوو لایەنەکە دڵنیا بکاتەوە کە "بێلایەنی" و "ڕازپارێزی" لای ئەم گرنگە و بایەخی تایبەتیی پێ دەدرێت، کەوا بێت، وەرگێڕەکە دەبێ پێش لە دەستپێکردنی وەرگێڕانەکەی، ئەم خاڵانە بە هەر دوو زمانەکە، دووپات بکاتەوە:

١. خۆناساندن.
٢. دەربڕینی "بێلایەنی"ی خۆی.

٣. ئاگادارکردنەوە لەوەی کە  "ڕازپارێز"ە و "ئەرکی نەدرکاندن"ی لەسەر شانە.
٤. دەستنیشانکردنی ئەوەی کە هەمیشە لە زمانی یەکەم کەسەوە قسە دەکات.

هەروەها وەرگێڕەکە لە کاتی وەرگێڕاندا دەبێ جۆرێک دانیشێ کە دوو کەسەکە بەباشی یەکتر ببینن، هەروەها وەرگێڕەکە نابێ لە وەرگێڕاندا سەرنجی کەسەکان بۆ لای خۆی ڕابکێشێ، بەڵکوو دەبێ تەنیا دەنگێک بێت لەوێ وەک کەسێکی نادیار. واتە وا هەڵسوکەوت بکات کە دوو لایەنەک بەس چاو لە یەکتر بکەن و ڕوو بکەنە یەکتر نەک وەرگێڕەکە.

هەروەها وەرگێڕەکە دەبێ لە کاتی وەرگێڕاندا هەمیشە لە زمانی یەکەم کەسەوە وەرگێڕان بکات و بۆ نموونە نابێ لە کاتی وەرگێڕاندا بڵێ: "ئەم دەڵێ: ناوت چییە؟" بەڵکوو لە زمانی پرسیارەکەرەکەوە ڕاستەوخۆ پرسیار دەکات و دەبێ بڵێ: "ناوت چییە؟"

ئەگەر وەرگێڕەکە پیاو بێت و وەرگێڕان بۆکراوەکە ژن بێت و بڵێ: "دوکتۆر، من دووگیانم."، وەرگێڕەکە نابێ بڵێ: "دوکتۆر، ئەم دەڵێ دووگیانم"، بەڵکوو دەبێ ڕاستەوخۆ لە زمانی ژنە سکپڕەکەوە بڵێ: "دوکتۆر، من دووگیانم."

لەم ڤیدیۆیەدا باس لە تەکنیکی وەرگێڕان و چۆنێتیی دانیشتن و قسەکردنی وەرگێڕەکە دەکرێت لە نێوان وەرگێڕان بۆکراوەکاندا:

نموونەی تەکنیکی وەرگێڕان، ئینگلیزی ـ سپانیایی

 

کۆتاییی بەشی دووەم

درێژەی هەیە ...

هەموو بەشەکان: ١، ٢، ٣، ٤، ٥